سەرکردەیەکى یەنەکە: ئێمە پشتیوان و هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی دیکەش دەبین

سۆران

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەنەکە ڕایگەیاند: یەکێتی دەست وەرناداتە کاروباری حزب و لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنیا هاوکار و پشتیوانیان دەبێت، دەشڵێت، پێویستە سەرجەم لایەنەکانى باشوری کوردستان هاوکار و پشتیوان بن بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان.

زبێر عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە و و لێپرسراوی مەڵبەندی ٦ى سۆرانی ئەو حزبە، لەبارەی هاوکاریکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان، بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند: “لەدوای کۆچی دوایی مام جەلال یەکێتی کۆنگرەی چواری بەستووە، بەڵام هیچ شتێک لە دید و تێڕوانین و فکر و فەلسەفەی مام جەلال و یەکێتی نەگۆڕاوە بۆ پشتیوانی و پتشگیری گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان”.

باسیلەوەشکرد، یەکێتی هی هەموو پارچەکانی کوردستانە و بۆ هەمووانیش دەبێت و لەڕابردوو و لە ئێستاشدا هاوکار و پشتیوانی پارچەکانی دیکە بووە و لەهەموو پارچەکانی کوردستانیش شەهیدی هەیە، بەڵام دەست وەرناداتە کاروباری ناوخۆیی پارچەکانی دیکە، بەڵکو تەنیا هاوکاریان دەبێت.

زوبێر عوسمان وتیشی: ئێمە لە ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوای کوستان حزب دروست ناکەین و دەست ناخەینە ناو کاروباری ئەوان و هیچ حزبێک لەدژی ئەوان دروست ناکەین و ئەمەش بەرنامەی یەکێتی و دیدی سەرۆک بافڵ تاڵەبانیە و هەموو یەنەکەش پشتیوانی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی دەکات کە لە کۆڕبەندی ژینگە لەهەولێر کردی و داوای پشتیوانی و هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد”.

لە کۆتاى قسەکانیدا ئەو سەرکردەى یەنەکە ئەوەشى خستەڕوو: “یەکێتى چەک و خواردن و پێداویستی پزیشکی و سەربازی ناردووە بۆ پارچەکانی دیکەی کودستان بۆ پارێزگاریکردن لە کورد و کوردستان و ئێستاش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی تریش دەبین”.

لە ماوەى ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەنەکە سەردانى ڕۆژئاوای کوردستانی کردو لەگەڵ لایەنە سیاسی و سەربازییەکانى ئەو بەشەى کوردستان کۆبووە، لە لێدوانەکانى ئەم دواییانەشدا بەردەوام جەختى لەسەر هاوکاریکردنى بەشەکانى دیکەى کوردستان کردوەتەوە، سەرەتای ئەم مانگەش بانگەوازێکى بۆ هاوکاریکردنى کورد لەباکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

ئ.م

Comments are closed.