شارەزایەكی یاسایی لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی سیاسەتی ئاوی توركیاوە عێراق بە قەیرانێكی سەختی ئاودا تێدەپەڕێت، دەشڵێت، عێراق چارەسەری لە بەردەستە بۆ ئەوەی توركیا لە ئەنجامدانی تاوانی مرۆیی ڕابگرێت، لەوانە پەنا بردن بۆ دادگای یاسای دەریا و دادگای نێودەوڵەتی.
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی بە ئاژانسی ڕۆژ نیوزی ڕاگەیاند: عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی ئاو بووەتەوە بەهۆی سیاسەتی ئاوی توركیا، لەبەرامبەردا عێراق دەتوانێ پەنا بۆ یاسای دەریا و دادگای نێودەوڵەتی ببات لەدژی توركیا، كە بەهۆی قەیرانی ئاوەوە تاوانی مرۆیی و كۆمەڵكوژی دروست دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندی نێوان وڵاتانی كەنار دەریاكان لەگەڵ ڕێككەوتننامەی یاسای دەریای ساڵی ١٩٨٢ كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێكخراوە، دادگایەكی تایبەت بۆ دۆسێی ئاویش هەیە، كە بارەگاکەی لە ئەڵمانیایە و لە ئەگەری پێشێلكردنی ڕێككەوتنە ئاوییەكان لە نێوان ئەو وڵاتانەی واژۆیان كردووە، بە عێراق و توركیاشەوە، دەتوانرێت بەپێی مادەی ١٢٨ پەنا بۆ ئەم دادگایە ببرێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تایبەت بەئاو.
وتیشی، ڕێككەوتنێكی كۆن لەنێوان عێراق و توركیا هەیە، بەڵام دیار نیە بەسەرچووە یان جێبەجێ ناكرێت.
عەلی تەمیمی دەشڵێت، عێراق دوو چارەسەری لەبەردەستە، یەكەمیان پەنابردن بۆ دادگای دەریایی كە لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە، عێراق دەتوانێت سكاڵای یاسایی لەسەر توركیا تۆمار بكات، چونكە تاوانی مرۆیی و تاوانی كۆمەڵكوژی دژی عێراق ئەنجام دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەری دووەمیش پەنا بردنە بۆ دادگای نێودەوڵەتی، كە پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا لە ساڵی ١٩٨٧ عێراق پەنای بۆ بردووە، لەسەر بنەمای ئەوە بوو كە پێویستە توركیا ئەو ئاوە بەر بداتەوە كە دەچێتە شەتل عەرەبەوە، لەئێستادا بەهۆی گۆڕانی كەش و هەواوە عێراق ئەو بژاردانەی لەبەردەستدایە پەنا بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكان ببات.
توركیا بەڕێژەی ٧٠% ئاوی عێراقی بڕیوە، ئەمەش بە پرۆسەی وشككردنەوە و كۆمەڵكوژی دادەنرێت، نەك وشكەساڵی لە عێراقدا، هەروەها توركیا سەرجەم یاسا و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتی و مرۆییەكانی بەرامبەر وڵاتانی دراوسێی پێشێل كردوە.
هـ.ئ
Comments are closed.