موراد سارساج: سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکان واتا سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت

هەولێر

پەرلەمانتارێکی هەدەپە لەپەرلەمانى تورکیا ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا چارەنوساز دەبێت، چونکە هەدەپە کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتى ئەردۆغان دەهێنێت و سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکان واتا سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت، دەشڵێت: داواکارین هەموو گەلى کورد پشتیوانى هەدەپە بکات، تاوەکو سەرکەوێت بەسەر دەسەڵاتی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەدا.

موراد سارساج، پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەى هەڵبژاردنەکانى تورکیاوە بە ڕۆژنیوزى وت: باکووری کوردستان هەڵبژاردنێکی چارەنوساز ئەنجام دەدرێت،  چونکە کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتى فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دەهێندرێت و سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژارنەکانی تورکیادا، واتا سەرکەوتنی هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشى: ماوەی ١٠٠ساڵە گەلی کورد ماف و ناسنامەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیای فاشیزمەوە زەوتکراوە، بەتایبەت لە ماوەی ئەم ٢٠ساڵەى حکومڕانی ئاکەپە و مەهەپەدا دەستبەسەر تەواوی مافەکانی گەلی کوردا گیراوە دژایەتی کورد دەکرێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا موراد سارساج ئاماژەى بەوەشکرد: بە کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان، ئارامی لە باکووری کوردستان و تەواوی پارچەکانی کوردستان بەرقەڕار دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە باسیلەوەشکرد: ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە، بۆیە هێرش دەکاتە سەر تەواوی گەلی کورد بەبێ جیاوازی و هەر بۆیە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هەدەپە بە پشتیوانی لایەنگران و گەلی کورد گۆرانکاری گەورە لە باکووری کوردستان دروست دەکات.

موراد سارساج داواى کرد گەلی کورد یەکێتی نەتەوەی پێکبهێنن بەڕامبەر بە دوژمنان و مەترسیەکانی سەر گەلی کورد بوەستنەوە، چونکە ڕەوشی سیاسی باکووری کوردستان پەیوەستە بە پارچەکانی دیکەى کوردستانەوە.

لە کۆتاى قسەکانیدا پەرلەمانتارەکەى هەدەپە ڕایگەیاند: پێویستە تەواوی گەلی کورد لەهەموو جیهانەوە پشتیوانی لە پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بکات، تاوەکو سەرکەوێت بەسەر دەسەڵاتی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەدا.

ئ.م

Comments are closed.