خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەیامێکى لەبارەى عەفرینەوە ڕاگەیاند

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی هەرێمی  عەفرین لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوەو دەڵێت: وەک بڕیارێکی ستراتیجی کە بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین لە ژێر هیچ بارودۆخ و دانوستانێکدا.

لە ڕاگەیەنراوەکەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هاتووە: ساڵ لە دوای ساڵ، لەگەڵ زیادبوونی ئازارەکانی گەلی سوریادا، لە ئەنجامی نەبوونی کۆدەنگییەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا، تورکیا بەردەوامە لە پڕۆژە داگیرکارییە عوسمانییە ترسناکەکەی لە سوریا، ئەو پرۆژەیە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە بارودۆخی سوریای گەیاند بە ئاوارەبوونی خەڵکەکەی و وێرانبوونی زێدەکەی”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ، لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر داگیرکاری عەفریندا، لە بەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی ئاشکرا لەنێوان ڕووسیا و تورکیا، لە پاش بەرخۆدانێکی مێژوویی بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ، خەڵکە ئازاکەی عەفرین و باکوور و ڕۆژهەڵات بەشداربوون لەو بەرخۆدانەدا، بەڵام هێشتا دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتى تورک، بەردەوامن لە سیاسەتی داگیرکاری لە دژی عەفرین و خەڵکەکەی.

خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا باسی لەوەشکردوە، دەوڵەتى تورک و چەتەکانی بەردەوامن لە ڕفاندن و کوشتنی پیلان بۆداڕێژراو و وێرانکردنی سروشت و شوێنەوارە مێژووییەکان و کلتوری ڕەسەنی ناوچەکە، لە ڕێگای ڕاگوێزان و بە تورککردنی ناوچەکەو جێبەجێکردنی مەترسیدارترین پیلانی دژی مرۆڤایەتی کە تاوانێکی ئاشکرای جەنگە، هەروەها گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و جێگیرکردنی خەڵکی تورکی و ڕاگوێزانی خەڵکە ڕەسەنەکەی.

هەروەها ئەوەش هاتووە، کە سەرباری قەبارەی کردەوە ناشرینەکانی تورک و گروپە بەکرێگیراوەکانی سەر بەدەوڵەتى تورک کە هەموو تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدەن، بە تایبەت لەو کاتەی کە بومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکەی هەژاند، ئەو کارەساتە ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەوانی باشتر پیشاندا، ڕەگەزپەرستییە ناشرینەکەیان و ڕقە پیسەکەیانی بەرامبەر گەلەکەمان زیاتر ئاشکرا کرد.

لەبەشێکى دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا خۆبەڕێوەبەری رۆژهەڵات و باکووری سوریا دەشڵێت: لە یادی پێنج ساڵەی خەم و ئازاری عەفرین و داگیرکردنیدا، یادی بەرخۆدانی مەزنمان بەرز دەنرخێنین و سەری ڕێز بۆ شەهیدانمان دادەنەوێنین، سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ گەلە خۆڕاگرەکانمان کە بەزۆر لە زێدی خۆیان دەرکراون و بەردەوامن لە بەرخۆدانی قارەمانانە، بە پابەندبوون بە بژاردەی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و سوربوون لەسەر بەرخۆدان لە کامپەکانی شەهبا سەرباری قورسی بارودۆخی ژیان.

خۆبەڕێوەبەری ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا دوپاتیدەکاتەوە کە عەفرین و هەموو ئەوەی ڕودەدات لە تەواوی ناوچە داگیرکراوەکانمان دوژمنکارییەکە دژی ناسنامەی سوریا و کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکەی، ئەم دوژمنکارییە پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتیمانی ڕوون هەیە، دوربێت لە هەموو لایەنگیرییەکی جوگرافی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، لەسەر بنەمای نیگەرانی بۆ سوریا وەک یەک دەوڵەت.

هەروەها داوا لە هەموو هێزەکانی سوریا و نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگا مرۆیی و یاسایی و  مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەشێوەیەکی جدی کاربکەن لەسەر ئەم کەیسە، واز لەو هەڵوێستە شەرمنانەیان بهێنن لە بەرامبەر عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، ئازارەکانی عەفرین و ئەوەی ڕودەدات لەناویدا لە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی لەبەرچاوبگرن، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، تیمی پسپۆڕ ڕەوانە بکات بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستییەکانی ناو عەفرین، هەروەها لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کە ئەو تاوانانەیان ئەنجام داوە و دەستگیرییان بکات.

لە کۆتایشیدا، خۆبەڕێوەبەری رۆژهەڵات و باکووری سوریا وتیشی: ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری بەڵێنی خۆمان لەسەر بڕیار و چارەنووسی خۆمان بۆ ئازادکردنی عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان دوپاتدەکەینەوە، وەک بڕیارێکی ستراتیجی کە بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین لە ژێر هیچ بارودۆخ و دانوستانێکدا، هەروەها ئیدانەی هەموو ئەو کارانە دەکەین کە هێزە هەرێمی و عەرەبییەکان بە داخەوە بۆ بەرژەوەندی پرۆژە داگیرکارییەکەی تورکیا لە دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدەن.

دووپاتیشی دەکاتەوە، شوێنکەوتنی تورکیا هیچ نییە بێجگە لە شوێنکەوتنی زەلکاوێکی گڵاو نەبێت لە  ناوچەکەدا، بە توندی هەموو گرێبەست و تێگەیشتنێکی تورکیا لەگەڵ دەوڵەت و لایەنی تر بە حکومڕانی ئێستای سوریاشەوە لەسەر حسابی گەلی سوریا و خەڵکەکەمان ڕەتدەکەینەوە، پەیوەستین بە پرەنسیپە نیشتیمانییەکەمانەوە لە بنیاتنانی نموونەیەکی دیموکراتی دادپەروەری فرە ڕەنگ بۆ هەموو سوریا، دوور لە هەموو ئەجێندایەک کە لە بەرژەوەندی و خزمەتی کەسێکی سیاسیدا بێت.

س. ک

 

Comments are closed.