پێنج ساڵە بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری عەفرین بەردەوامە

پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی داگیرکردنی هەرێمی عەفریندا لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە لەپیلانێکى هەرێمیدا داگیر کراو شەش ساڵیشە بەرخۆدانى بێوێنە لەدژی داگیرکەران لەو هەرێمە بەردەوامە، کە لەلایەن هێزەکانى ڕزگاری عەفرینەوە درێژەی هەیە.

لە ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی، بۆسەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، لە پاش داگیرکردنی شارەکە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨، بەسیستماتیک دەستیان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا، چەپاو و خوێناویکردن، تورکاندن و  تاڵانکردنی ئەوشارە کرد.

بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان، لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ بۆ ٦٠ بنکە و سەربازگەی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراودا هەن، کە تێیدا تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی شەڕ و چەکی قورسیان جێگیرکردووە و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی شەهبا و شەرا و شێراوا.

لە ماوەی پێنج ساڵدا دوای داگیرکردنی عەفرین، زیاتر لە ٧٠٠ کەس کە زیاتر ١٥٠ کەسیان ژنە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە نۆ  هەزار کەس ڕفێنراون.

زیاتر لە ١٠٠  گردی شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین هەیە، کە زۆربەیان لەلایەن داگیرکەرانەوە هەڵکەندراون و تاڵان کراون، بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی شوێنەوار لە ڕۆژئاوای کوردستان، ٧٠ شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین، پاش دزینی ئاسارەکەی خاپوورکراوە.

لەو پێنج ساڵەدا ٣٠ بۆ ٤٠ نزرگە و مەزاری ئاینی پێكهاتە و ئاینە جیاوازەکانی هەرێمەکە، خاپوورکراون و گۆڕستانێک کراوە بە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ.

پاکتاوی ناسنامە و شوناسی کوردی شارەکەیان کردووە و ناوی شەقام، گوند، نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان دەگۆڕن  بۆ عەرەبی و تورکیی، بۆ نمونە ناوی مەیدانی ئازادی لە ناوەندی شارەکە، گۆڕاوە بۆ ‘ئەتاتورک’، ناوی شەقامی بازنەیی ‘نەورۆز’یش کراوە بە ‘سەڵاحەدین’، هەروەها ناوی شەقامی بازنەیی ‘کاوەی ئاسنگەر’ کراوە بە ‘چڵە زەیتوون’ کە لەژێر ئەم ناوەدا عەفرین تاڵان و چەپاو و خوێناویی کرا.

ئاڵای تورکیا لەسەر هەموو ناوەندەکان هەڵکراوە، خوێندنگاکان کراوە بە زیندان و شوێنی سەربازی، ئەمە جگە لەوەی خوێندن کراوە بە زمانی تورکی، هاوڵاتییان ناچار دەکەن، کە ناسنامەی تورکی دەربهێنن و وەک تورک خۆیان لە قەڵەم بدەن و بە لیرەی تورکی مامەڵە بکەن، بەم شێوە دەیانەوێت ناسنامەی نیوعوسمانیزم بە باڵای ئەو شارە کوردییەدا داتاشن.

 

هەموو تابلۆ و هێماکانی هاتووچۆی شارەکە کراوە بە تورکی و فێربوونی زمانی تورکی کراوە بە زۆرە ملێ، زانکۆ و پەیمانگاکانیش گرێدراوە بە زانکۆکانی تورکیاوە لە هەرێمی دیلۆک.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ئیکۆسایدی ژینگە و سروشتی عەفرین دەکەن  و ٦٠٠ هەزار داریان بڕیوەتەوە، هەروەها زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٩ ٠٠دار و زیاتر لە ٤٤ هەزار هێکتار ڕەز و باخ و دارستانیان سووتاندووە.

یەک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی جینۆساید لە عەفرینی داگیرکراودا گۆڕینی دیمۆگرافیایە، پاش دەرپەڕاندنی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی شارەکە، لەو پێنج ساڵەدا، بە پشتیوانی و ئابووری گرووپە چەتەکان، بە داگیرکاریی ٢٥ گەڕەکی زیادەڕۆیان دروستکردووە، لە ناو ئەو گەڕەکانە و ماڵی ئاوارەکان، زیاتر لە ٧٠٠هەزار کەسی تورکمان و عەرەبی فەلەستینیان هاوردە کردووە و نیشتەجێیان کردوون.

بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەموو ئەم کردەوە و سیاسەتانە بە تاوانی جینۆساید هەژماردەکرێن و یەک ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئەویش تورکاندن و گۆڕینی ناسنامەی کوردی شارەکەیە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دایبڕن و بیخەنە سەر تورکیا.

ئێستا پرسی گەڕانەوەی سەدان هەزار ئاوارەى سوری لە تورکیا و جێگیرکردنیان لەسەر خاکی عەفرین بووەتە بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى تورکیا لەنێوان ئەکەپە و شەش لایەنەکەى ئۆپۆزسیۆندا، واتە پارتە نەژادپەرستەکان لەسەر داگیرکردنی خاکی کوردان یەک سیاسەت و پیلانیان هەیە.

دوای پێنج ساڵ لە داگیرکردنى عەفرین، تا ئێستاش عەفرین لە هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتى دابڕاوەو دەوڵەتى تورک و چەتەکانى ڕێگە نادەن ئاوەدانی و هاوکاریی مرۆیی بگاتە ئەو شارە، بەتایبەت لەکاتى بومەلەرزەکەدا ڕێگە نەدرا هیچ هاوکارییەکە بە لێقەوماوان بکرێت، بۆیە بەهۆی سیاسەتى قڕکردنی دەوڵەتى تورکەوە ژمارەی قوربانییەکان چەندان و چەندان زیادی کرد، کە تائێستاش قوربانیان لەژێر دارو پەردووی بینا ڕووخاوەکاندا ماون.

هاوکات ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و دەرپەڕاندنی هاوڵاتیانى عەفرین بە ژن و منداڵ و گەنج و پیاوەوە بەردەوامە، ڕۆژ نییە گروپە چەتەکانى سەر بە دەوڵەتى داگیرکەری تورک هاوڵاتییەکى هەرێمە نەکە قوربانى، تەنیا لەبەر ئەوەى کوردە.

هاوکات بۆردومان و بڕینەوەى دارو باخ و ڕەزەکان و کوێرکردنەوەو وێرانکردنى سەرچاوە ئاوییەکان و دزین و دەرهێنانى سامانى کانزایی  هەرێمی عەفرین لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کاری ڕۆژانەى ئەو شەش ساڵە بووە.

لەبەرامبەر هەموو ئەو داگیرکاریی و ڕەفتارە مرۆڤکوژیانەى سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، لەو پێنج ساڵەدا هێزەکانى ڕزگاری عەفرین بۆ ساتێکیش لە بەرخۆدان و تێکۆشان نەوەستاون، ڕۆژانە شەقام و ڕێگاو کێڵگەو ناو دارستانەکانیان کردوەتە گۆڕستان بۆ داگیرکەران و چەتەکانیان.

بەپێی ئامارێکى نافەرمی هێزەکانى ڕزگاری عەفرین لەماوەى ئەو پێنج ساڵەدا زیاتر لە سێ هەزار سەربازی داگیرکەری تورک و چەتەکانیان کوشتووە کە بۆیان پشتڕاستبوونەتەوە، ئەوە جگە لە کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەى کە بەهۆکاری جیاواز لە ژمارەکەى دڵنیا نەبوونەتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.