باخەوانانی هەڵەبجە خەڵات دەكرێن و ٢٠٠ هەزار نەمامیان پێ دەبەخشرێت

وەك ڕێزێك لە ماندوبوونیان بۆ سەوزكردنی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە ڕێگەی كاری باخدارییەوە، جوتیارێكی نمونەیی خەڵاتی ڕێزلێنان و ٢٠٠ هەزار نەمای بەردار دەبەخشێت بە كۆمەڵێك باخەوان و باخەوانانیش داوا دەكەن، بازاڕ بۆ بەرهەمانكانیان بدۆزرێتەوە.

بەدروشمی كوردستانێكی سەوزو ئارام، ئەمڕۆ لەباخی فەرەیدون نامدار، كە جوتیارێكی نموونەییە، لە پارێزگای هەڵەبجە، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەك لە باخەوانانی سنورەكە، لەپای ئەو ئەركەیان هەیانە بۆ كاری كشتوكاڵی و باخداریی.

فەرەیدوون نامدار

فەرەیدوون نامدار، سەرپەرشتیاریی پرۆژەكە بە ڕۆژنیوزی وت: وەك چۆن لەڕابردوودا لەسەر دەستی جوتیاران و گوندنشینان شۆڕش و حكومەت و پەرلەمان دروستبووە، ئێستاش پێویستە بەو جۆرە بتوانن ئاسایشی خۆراك دروستبێت، ئابوری كوردستان لەژێر دەستی جوتیاراندایە.

فەرەیدون نامدار وتیشی: لەپڕۆژكەدا توانیومان ٢٠٠ هەزار نەمامی هەنارو بەشێكی باشیش لە نەمانی هەنجیر بدەین بەجوتیارەكانمان، ئەوەش پاش وەرگرتنی بەڵێن لێیان، بتوانن پارێزگاریی لەنەماكان بكەن و بتوانن كوردستانێكی سەوز بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان دروستبكەن.

مستەفا محەمەد

مستەفا محەمەد، لە گوندیی تەكیەی سنوری شارەدێی خورماڵ  یەكێك بوو لەو باخەوانانەی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێخەشرا وتی: زۆر سوپاسی هەركەسێك دەكەین هاوكاری جوتیاران و باخەوانان بێت، بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات، ئەوەشی زۆر پێویستە داوایی بە بازاڕكردنی بەرهەمەكانمان، دابینكردنی پێداویستیە كشتوكاڵییەكانە وەك دەرمان و ئامێرە كشتوكاڵییەكان، بۆ ئەوەی زیاتر كەرتەكە لەلایەن جوتیارانەوە گرنگی پێبدرێت.

لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە ١٣ هەزار دۆنم زەوی چێنراوە بەباخی هەنارو هەنجیرو زەیتون، ساڵانەش ڕێژەكەی بەردەوام لەزیادبوندایە.

نەجمەدین عومەر

نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداریی لەبەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەنار گرنگیەكی تایبەتی هەیە، جوگرافیایی ناوچەكەش لەبارە بۆ چاندنی هەنار، پێویستە ساڵ بەساڵ ڕێژەكەی زیاتر بێت، چونكە تاوەكوو بەرهەم زیاتربێت جوتیارو وەبەرهێنەر بیر لەئەوە دەكاتەوە بازاڕیی بۆ دروستبكات هەناردەی دەرەوە بكرێت.

س.س

Comments are closed.