لێکۆڵەرێکی ئەمریکی تێچووی جەنگی ئەمریکا لە دژی عێراق ئاشکرا دەکات

لێکۆڵەرێکی ئەمریکی تێچووی جەنگی ئەمریکا لە دژی عێراق و قوربانییەکانی ئەو جەنگە لە میانەی لێکۆڵینەوەیەکدا  ئاشکرا دەکات کە لەو جەنگەدا ٢،٩ ترلیۆن دۆلار بووە.

نیتا کرۆفۆرد لێکۆڵەری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە وتارێکدا بە ناونیشانی”خوێن و گەنجینە” کە ڕێکخراوی “دیموکراسی ناو” لە وێبسایتی فەرمی خۆیان بڵاوییان کردۆتەوە تێچووی گشتی جەنگەکە ئاشکرا دەکات، لەگەڵ کوشتنی کەسانی مەدەنی پێش چوونە ناوەوەی سەربازانی ئەمریکی بۆ ناو بەغدا.

لە یادی بیست ساڵەی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٢ دا، پێشبینییەکی سەبارەت بە تێچووی جەنگەکە خستەڕوو کە ٣٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕی نەدەکرد، بە ڕەچاوکردنی کەمێک قوربانی مەدەنی عێراقی و سەربازی ئەمریکی.

بەڵام دەڵێت: ئەوەی  کە ڕوویدا لە ساتی جەنگ و دواتردا زۆر جیاوازتر بوو، بەجۆرێک سوپای ئەمریکی پێش ئەوەی بچێتە بەغدا هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد کە بە تەنیا لە مانگی یەکەمدا نزیکەی حەوت هەزار هاوڵاتی مەدەنی عێراقی کوژران.

وتیشی: بە سەدەها هەزار هاوڵاتی برینداربوون و ملیۆنەها هاوڵاتی ئاوارەبوون کە واشنتۆن پێی وابوو زۆر بە زویی کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت، بەڵام ئێستاشی لەسەر بێت نەیتوانیوە کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت و هێشتاش سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوونی هەیە.

سەبارەت بە تێچووی ڕاستەقینەی جەنگ لێکۆڵەرە ئەمریکییەکە دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا بڕی ٢.٩ ترلیۆن دۆلاری لەو جەنگەدا خەرج کرد نەک ٣٠٠ ملیار وەک پێشبینییان دەکرد، بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگیش کە وایان دانابوو بە چەند مانگێک کۆتایی پێ دەهێنن تاکو ئێستاش ئەمریکا نەیتوانیوە کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت.

سەبارەت بە قوربانییەکان نیتا دەڵێت”ئەو زانیارییانەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕێگای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاوییانکردۆتەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە نزیکەی ٥٠٠ هەزار قوربانی ئەو جەنگە بووە”

٢٠ ئادار بیست ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر جەنگی ئەمریکا و عێراقدا، سەرباری ڕەخنەو تێبینی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و شیکاری ئەم جەنگە لە دژی حکومەتی ئەمریکا بەپێی بۆچوونی ئەم لێکۆڵەرە ئەمریکا بە تاوانباری سەرەکی ئەو کارەساتە دادەنێت.

س ک

Comments are closed.