سلێمانی
بە دەستپێشخەری ڕێپاک، شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان، بەئامانجی زانینی سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و قوڵبوونەوە لەو چەمکانە و ئاستی بەرجەستەکردنی، هاتوونەتە باشووری کوردستان و سەردانی ژنانی لایەنە جیاوازەکان دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد -ڕێپاک، بە مەستی ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوە لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و تێگەیشتنی زیاتر و زانینی ئاستی بەرجەستەکردنی لە هەرێمەکەدا، شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان لە ئەڵمانیاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان و سەردانی ژنانی لایەنە جیاوازەکان دەکەن.
لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکانیاندا، شاندە نێودەوڵەتییەکە بە هاوەڵی ڕێپاک، سەردانی ژنانی هەریەک لە حزبی شیوعی، بزوتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادییان کرد، بڕیاریشە سبەی سەردانی چەند لایەنێکی دیکەش بکەن.
کۆخۆب میهریتاب، یەکێک لە ئەندامانی شاندی نێودەوڵەتی ژنان، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئێمە وەک شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان، لە ئەڵمانیاوە سەردانی ژنانی باشووری کوردستانمان کرد، ئامانجیشمان کۆکردنەوەی زانیاری و قوڵبوونەوەیە لە دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادیی”.
لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتی: هەر لەو چوارچێوەیەشدا زنجرە دیدارێک لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان ئەنجامدەدەین، مەبەست لەوەش هەوڵدانمانە بۆ زانینی ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەی ڕووبەڕووی ژنانی باشوور دەبێتەوە، هەروەها کۆکردنەوەی زانیارییە دەربارەی ئەوەی کە لە چ بەشێكی ئەو فەلسەفەی پشت دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” قوڵببینەوە.
هاوکات سارا ڕەزا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئەو شاندە نێودەوڵەتییەی هاتوونە باشووری کوردستان و سەردانیان کردین، وەک دەستەی ژن لە تەڤگەری ئازادیی پێشوازیمان لێکردن، گەلێک پرسیاریان هەبوو لە چوارچێوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا، وەڵاممان دانەوە و تاوتوێی ڕەوشی ژنانی باشوور و تێکۆشانەکانیان لەسەر فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی”مان بۆکردن.
ش. ئـ
Comments are closed.