سەرۆکى ڕووسیا بەسەردانێکی لەناکاو گەیشتە ئۆکراین

بەیانی ئه‌مڕۆ ڤلادیمیر پوتن بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە شاری ماریۆپۆلی لە هەرێمی دۆنباس لە ئۆکراین و لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەى لەناوچەکە کۆبووەتەوە، هاوکات گفتوگۆی لەگەڵ دانیشتوانى هەرێمەکەش کردوە.

ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسیا بڵاویکردەوە، بەیانی ئه‌مڕۆ ڤلادیمیر پوتن بە سەردانێکی لەناکاو لەڕێگەى هێلیکۆپتەرەوە گەیشتە شاری ماریۆپۆلی لە هەرێمی دۆنباس ئۆکراین کە ئەو ناوچەیە یەکەم شاری ئۆکراین بوو لەلایەن سوپای ڕووسیاوە کۆنترۆڵکرابوو، ئەوەش یەکەمین سەردانی پوتنە لە دوای دەستپێکردنى جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

ئاژانسەکە باسی لەوەشكردوه‌، لەکاتى گەیشتنى بە شارەکە ڤلادیمیر پوتن لەگەڵ سەرکردایەتی باڵای ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى وڵاتەکەى لە ماریۆ پۆلی لە هەرێمی دۆنباس کۆبووەتەوە و دواتر لەگەڵ بەشێک لە دانیشتوانی ئەو شارە گفتوگۆى کردووەو چەند بەڵێنێکى بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکە پێداون.

شاری ماریوپۆل لە یەکەمین ڕۆژی شەڕەکەدا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن ڕووسیا بۆردومان کرا، دواتر لە سەرەتای مانگی ئازاردا گەمارۆدراو لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا کەوتە دەستی سوپای ڕووسیا.

جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکى ڕووسیا سەردانی کریمیای کرد، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ نۆیەمین ساڵیادی لکاندنی ناوچەکە بە ڕووسیاوە.

ئ.م

 

Comments are closed.