دوای داگیركردنی عەفرین لە ١٨ ئازاری ٢٠١٨، بە سەدان هەزار دانیشتووی عەفرین ئاوارەی ناوچەی شەهبا بوون، بەڵام هەندێكیان هەر لە عەفرین مانەوە ڕٍووبەڕووی جۆرەها تاوانی جۆراوجۆر بوونەوە، ژنانی عەفرینیش بەشێك بوون لەوانەی كە تاوانیان دژ ئەنجامدراوە، بەجۆرێك لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا ٩٥ ژن كوژراون و ٤٢٣ژنیش ڕفێندراون.
دوای پێنج ساڵ لەداگیرکردنی عەفرین لەلایەن گروپی چەتەكانەوە، بەسەدان هەزار دانیشتووی عەفرین ئاوارەی ناوچەی شەهبا بوون، هەروەها چەندین هاوڵاتی مەدەنیش كوژران و چەندین تاوانی قێزەون دژی دانیشتوانی عەفرین ئەنجامدرا، لە ناو ئەوانەش ژنان پشكیان بەركەوتووە.
ئەم تاوانانە لە ڕاپۆرت و لێدوانی ڕێكخراوە جیاجیاكاندا بەبەڵگە كراون، سەرەڕای ئەمەش تائێستا گروپی چەتەكان چەندین كاری قێزەونی دژ بەخەڵكی عەفرین ئەنجامدەدەن، بەڵام هێشتا تۆمار و بەبەڵگە نەكراون.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین-سوریا، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٨ (دوای داگیركردنی عەفرین) چەندین ژن لە عەفرین كوژراون و ڕفێندراون، لەساڵی ٢٠١٩دا، ٥٩ ژن كوژراون و ٢٠٠ ژنیش ڕفێنراون، هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا نۆ ژن كوژراون و ٩٢ ژنیش ڕفێندراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٤ ژن كوژراون و ٨٢ ژنیش ڕفێندراون، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٣ ژن كوژراون و ٤٩ ژنیش ڕفێنراون، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەوت ژن ڕفێندراون، جگە لە كوشتن و ڕفاندن، ژنان تووشی جۆرەها فشار و توندوتیژی و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دەبن لەلایەن داگیركەرانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین-سوریا و سەرچاوە تایبەتەكانەوە دەستمان كەوتووە، لە عەفرین دەیان ناوەندی كوشتن و ئەشكەنجەدان و دەستبەسەركردن هەیە، كە بریتین لەم شوێنانە:
یەكەم: زیندانی “ئەنجوومەنی یاسادانانی پێشوو” لە سەنتەری شاری عەفرین، ناسراو بە زیندانی ژنان، كە ڕفێنراوانی تێدا لە ژێرزەمینی بیناكەدا ڕاگیراون و نزیكەی ٥٠ ڕفێنراوی تێدایە، دەزگای هەواڵگری توركیا ئەو ژنە ڕفێندراوانە بە ئامانەت لای سەركردەكانی گروپە بەكرێگیراوەكان و وەسف دەكات، هەروەها ڕێگەیان پێدەدات لەنێوان ١٠ بۆ ٣٠ ژن بكوژن.
دووەم: زیندانی “دادگا” كە دەكەوێتە بینای دادگای پێشوو، ئەو ژنە ڕفێندراوانە لە جەرگەی عەفرینەوە دەستگیر دەكرێن لەم زیندانە دەمێننەوە، هەروەها ئەم زیندانە لەلایەن بەكرێگیراوانی بەرەی شامەوە بەڕێوەدەبرێت.
سێیەم: زیندانی “محمودیە”، لەلایەن بەكرێگیراوانی حەمزە بەڕێوەدەبرێت، زیندانەكە دوو بەشە بۆ ژنان ئامادەكراوە.
چوارەم: زیندانی قوتابخانەی “كەرەمە” كە كۆنترین قوتابخانەی عەفرینە، بەكرێگیراوانی فەیلەق شام كردیان بە زیندان، كە بەشێكی تایبەت كراوە بۆ ژنان.
زیندانی “باسوتا” ناسراو بە زیندانی “قەڵا”، دەكەوێتە نزیك شاری عەفرین و لەلایەن بەكرێگیراوانی فیرقەی حەمزە بەڕێوەدەبرێت، لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی دەزگای میت دایە و دەیان ژنی ڕفێنراوی تێدایە.
هـ.ئ
Comments are closed.