هاوسەرۆکی کۆدار: دەوڵەتی تورك لە چیا و ڕژێمی ئێرانیش لە خوێندنگاكاندا گازی ژەهراوی بەكاردێنن

 لە پەیامێكدا كە بە بۆنەی نەورۆزەوە بڵاویكردەوە، هاوسەرۆكی كۆدار ڕایگەیاند، نەورۆز جەژنی ئازادی گەلی كوردە و ئێمەش وەك هێز و لایەنە سیاسیەكان یەكبگرین و پەیامی ئەوە بەهەموو هێزە داگیركەرە هەرێمی و جیهانیەكان بدەین، كە بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد ناتوانن پەرە بەتەمەن و سیستەم و سەپاندنی پرۆژەكانیان بدەن و دەشڵێت: دەوڵەتی تورك لە چیاكانی كوردستان بۆمبی كیمیایی لە بەرامبەر گەریلاكان بەكاردێنێت، رژێمی ئێرانیش هەمان كار لەبەرامبەر بەكچان و ژنان و خوێندكاران و خوێندنگاكان و پێشەنگانی شۆڕشی ژن بەكاردێنێت.

فواد بێریتان، هاوسەرۆكی كۆمەڵگەی ئازاد و دیموكراتیكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان – كۆدار بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پەیامێكی بلاوكردەوە.

هاوسەرۆكی كۆدار لە سەرەتای پەیامەكەیدا پیرۆزبایی ساڵی نوێی كوردی و جەژنی نەورۆزی لەدامەزرێنەری رێبەری ئازادی و مرۆڤایەتی و نەورۆز؛ رێبەر ئۆجالان و بنەماڵەی شەهیدان و كەس و كاریان و زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەرانی رێگای ئازادیخوازی گەلی كوردستان كرد.

هەروەها جەژنە پیرۆزەی لە سەركاروانانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەكات و دەڵێت: ژنان شەش مانگە بەهەموو توانا و هێزیانەوە سەرچۆپی ئازادی دەگێڕن و بەبێ سڵكردنەوە و دوودڵی لەبەرامبەر بە رژێمی داگیركەری سەركۆت و سێدارە و دەوڵەتی فاشیستی تورك”زۆحاكانی هاوچەرخ، ئەردۆغان و خامنەیی” لەگۆڕەپانەكانی خەبات و خۆڕاگرین و رۆژ بەرۆژ شۆڕشەكە بەگیان و دڵیان دەگەشێننەوە.

هاوسەرۆكی كۆدار وتیشی: ئەگەر ئەمڕۆ گەلەكەمان بەبێ جیاوازی جۆگرافی و زاراوە و باوەڕی دەست لەنێودەست و شانبەشان یەكدی لە گۆڕەپانی نەورۆزدا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باكوور و باشوور، گۆڤەند و ڕەشبەڵەكی ئازادی دەگرن و بەبێ ترس و دوودڵی ِرووبەرووی نەیاران پەیامی یەكگرتووویی دەدەن، پەیامی ئەوە دەدەن كە ئەوان یەكیان گرتووە و ئێدی نۆرەی ئێمەیە، ئەو پەیامە لە ئامەد، لە كەركوك و كۆبانی دەدرێت، دەبێت ئێدی ئێمەش وەك هێز و لایەنە سیاسیەكان یەكبگرین و پەیامی ئەوە بەهەموو هێزە داگیركەرە هەرێمی و جیهانیەكان بدەین، كە بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد و گوێدان بۆ داخوازیەكانی گەلی كورد، ناتوانن پەرە بەتەمەن و سیستەم و سەپاندنی پرۆژەكانیان بدەن، ئەمە پەیامێكە لەئاستێكی هەرە بڵنددا، سیاسییە.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژەی بە هێرش و پەلامارەكانی ڕژێمی ئێران كرد بۆ سەر كچان و ژنان و خوێندنگاكان و وتی: ژەهرخواردكردنی كچان و ژنان و خوێندنگاكان، هێرشێكی ئایدئۆلۆژیكیە، ئەوە هێرشێكە لەبەرامبەر بە ژنی ئازاد، هێرشێكە لەبەرامبەر بەو كچ و ژنانە پێشەنگەی كە ئەمڕۆكە لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پێشەنگایەتی شۆڕشی، ژن، ژیان، ئازادی دەكەن.،هیچ جیاوازیەك لەنێوان داگیركەراندا نییە، دەوڵەتی توركی داگیركەری لەچیاكانی كوردستان بۆمبی كیمیایی لەبەرامبەر بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان بەكاردێنێ، ڕژێمی فاشیست و داگیركەری ئێرانیش هەمان كار لەبەرامبەر بەكچان و ژنان و خوێندكاران و خوێندنگاكان و پێشەنگانی شۆڕشی ژن بەكاردێنێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، نەورۆز پەیامێكە لەبەرامبەر بە دوژمن كە دەڵێت: “ئێدی بەسە”،  هاوسەرۆكی كۆدار وتیشی: دەبێت گەلانی ئێران لەم نەورۆزدا، قسەی كۆتایی خۆیان و ویست و داواكاریە راستەقینەكانیان لەبەرامبەر رژێمی داگیركەر بەئاشكرا بەیان كەن، بەو هیوایەن ساڵی نوێ گەلەكەمان و گەلانی ئێران ببێتە ساڵی سەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بۆیەش دەڵێت، نەسرەوتن تا سەركەوتن و نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەر رۆژتان نەورۆز بێت.

س.س

Comments are closed.