دەوڵەتی ئێران فشارەكانی بۆ سەر ژنان زیاتر چڕ دەكاتەوە

هاوكات لەگەڵ بەردەوامی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی و تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو سەرهەڵدانە، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵەكانیان بۆ زیاتر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ چڕ كردووەتەوە.

زیاتر لە شەش مانگە كوژرانی كچە كورد، ژینا ئەمینی لە ئەنجامی ئەشكەنجەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە بیانووی پابەندنەبوونی تەواوەتی بە حیجابی زۆرەملێ، بووەتە هۆی ڕاپەڕینێكی سەرتاسەری بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، كە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی ناسراوە، بەڵام لە ئێستادا و سەرباری بەردەوامبوونی ئەو سەرهەڵدانە و پێدانی قوربانییەكی زۆر، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵەكانیان بۆ زیاتر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ چڕ كردووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی ناوەندە ئایینییەكانی تاران، لە نامەیەكدا بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران داوایان كردووە، حكومەت ڕێكاری توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانە بگرێتەبەر كە دژایەتی حیجاب دەكەن و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر دەوڵەت لە پرسی حیجابدا پاشەكشێ بكات، دەبێت دواتر لە زۆر یاسای دیكەشدا سازش بۆ دوژمنانی وڵاتەكە بكات.

لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد ڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند، چەندین كۆبوونەوەیان لە وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پرسی حیجاب ئەنجامداوە و بانگەشەی ئەوەی كرد، كە خەڵك قەبوڵی ناكەن، كە بێ حیجابی لە ناو كۆمەڵگادا بوونی هەبێت، هەربۆیە هیوای خواست لە ڕێگەی پەسەند كردنی یاسای گونجاوەوە بە تەواوەتی پرسی پابەندبوون بە حیجاب بخرێتە ژێر كۆنتڕۆڵەوە.

هاوكات عەلی ئەسغەر شالبافیان جێگری وەزیری میراتی كلتوری و گەشتوگوزاری ئێران ڕایگەیاندووە، بە هۆی پابەندنەبوونیان بە پرسی حیجابەوە، كاركردنی ١٧ شوێنی گەشتیاریان هەڵپەساردووە و ٢٥٨ شوێنی دیكەی گەشتوگوزاریش هۆشداری توندیان پێدراوە.

دوای ئەوەی لە ١٣ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، پۆلیسی ئەخلاق لە تاران بە بیانووی پابەندنەبوونی تەواوەتی بە حیجابی زۆرەملێ-وە ژینا ئەمینی، كچە كوردی خەڵكی شاری سەقزی دەستگیركرد، بە هۆی ئەشكەنجە و توندوتیژیی بەرامبەری لەكاتی دەستبەسەری، ئەو كچە كوردە چووە كۆماوە و سێ ڕۆژ دواتریش گیانی لەدەستدا، مەرگی ژینا بووە هۆی ڕاچڵەكین و چەخماخەیەك بۆ ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، كە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە.

لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا، ژنان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ، سەرپۆشەكانیان سوتاند و پرسی لابردنی حیجابی زۆرەملێ تائێستاش، یەكێكە لە داواكارییە سەرەكییەكانی ژنان.

سەرەڕای فشار، گرتن و توندوتیژییەكانی دەسەڵات، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە و لە دەرەوەی ئێرانیش پشتیوانیەكان لەو سەرهەڵدانە درێژەیان هەیە.

دوێنێ لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا وەك سوید، نەرویژ، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و هەروەها لە وڵاتانی وەك ئوستراڵیا، ئەمریكا و كەنەدا، ڕەوەندی كورد و ئێرانی بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

ڕ.ڕ

Comments are closed.