سەرکردەیەکی شیعەکان: توركیا ٦٠٠ ملیار مەتر سێجا ئاوی بۆ تینووكردنی عێراق گرتووەتەوە

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی توركیای تۆمەتبار كرد، بەوەی كە ٦٠٠ ملیار مەتر سێجا ئاوی بە مەبەستی تینوكردنی عێراق  گرتووەتەوە، هاوکات حكومەتی عێراقیش بە بەردەوامی هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی دۆسێیەی ئاو لەلایەن توركیاوە..

جەبار عودە، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند: عێراق ڕووبەڕووی كارەساتێك دەبێتەوە كە پێدەچێت سیماكانی لە ساڵانی داهاتوودا دەربكەون، بەهۆی دروستكردنی دەیان بەنداو لەلایەن دەوڵەتى توركیاوە لەسەر ڕووبارەكانی دیجلە و فورات و سنوورداركردنی ئاوەكانیان بەبێ ئەو هەر گفتوگۆیەكی لەگەڵ بەغدا هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا زیاتر لە ٦٠٠ ملیار سێجا ئاوی بە مەبەستی ووشکردنی لە عێراق گرتووەتەوە و لەبەنداوەكانیدا دەهێڵێتەوە، عێراقیش باجی وشكەساڵی دەدات، سەرەڕای ئەوەی هەموو پەیمانە نێودەوڵەتییەكان مافی ئەوەیان بە بەغدا داوە كە پشكێكی دادپەروەرانەی هەبێت لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات.

ئەوەشی خستەوەتەڕوو، پێویستی بەدواداچونێكی جدی هەبێت بۆ دۆسێیەی ئاو كە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە بەردەدرێتەوە، هەروەها عێراق هەوڵبدات فشار بخاتە سەر ئەنقەرە لەڕێگەی كارتی ئابوورییەوە بۆ ئەوەی قەیرانی وشكەساڵی چارەسەر بكرێت، ئەمەش گرنگترین ڕێگایە بۆ ئەوەی بتوانرێت پشكی ئاوی عێراق دەستەبەر بكرێت.

عێراق بەدەست قەیرانێكی سەختی وشكەساڵییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی كە ئاوی بەنداوەكان لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردوە، پێشتر وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، توركیا بەنیازی دروستكردنی ٢٠ بەنداوی نوێیە لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات.

هـ.ئ

Comments are closed.