دەستەی بەڕێوەبەری كەنەكە، بە هۆی شەهیدبوونی فەرماندەیەك و هەشت شەڕڤانی یەكینەكانی دژەتیرۆری سەر بە هێزەكانی قەسەدە، لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەر، پەیامێكی سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئەو هێزانە كرد.
ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان –كەنەكە، بە هۆی شەهیدبوونی فەرماندەیەك و هەشت شەڕڤانی یەكینەكانی دژەتیرۆری سەر بە هێزەكانی قەسەدە، پەیامێكی سەرەخۆشی ئاڕاستەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، یەكینەكانی دژە تیرۆر-یات و یەپەژە كرد.
لە پەیامەكەی كەنەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی شەڕی دژی شانەكانی داعشدا، یەكەیەكی، یەكینەكانی دژە تیرۆر-یات سەر بە هێزەكانی قەسەدە، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ئەمنی و سەربازی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی شەڕ و ئاسایشی یەكەكان، هەروەها درێژەدان بە ئەركەكانیان لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پاراستنی خەڵكی ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕوویان لە باشووری كوردستان كردبوو.
كەنەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە كاتی ناردنی ئەو یەكەیە بۆ شاری سلێمانی، ئێوارەی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣، دوو هێلیكۆپتەر، كە شەڕڤانانی قەسەدەی دەگواستەوە بۆ ئەو ناوچەیە، بەهۆی خراپی دۆخی كەشوهەوا كەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ شەڕڤانی هێزەكانی قەسەدە، بە فەرماندەیی شەڕڤان كۆبانێ شەهید بوون.
هەر لە پەیامەكەی دەستەی بەڕێوەبەری كەنەكە دا هاتووە، هێزەكانی دژە تیرۆر لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، چەندین شەڕڤان و فەرماندەیان فیدا كردووە و لە كۆبانێوە تا ڕەقە و دێرەزۆر، شەڕی دژوار و قورسیان ئەنجامداوە، ئەو هێزانە بە شێوازی شەڕی پێشكەوتوو، مەشق و ڕاهێنانیان پێكراوە و هاوكاری سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین، بە فەرماندەیی شەڕڤان كۆبانێ و هاوڕێكانی، لە زۆرێك لە شەڕەكانی دژ بە تیرۆر ئەنجامیان بەدەستهێناوە و سەركەوتنی یەك لە دوای یەكیان لە شار و شارۆچكەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستهێنا و بەناوی جیهانەوە شەڕیان دژی بەهێزترین ڕێكخراوی تیرۆریستی كرد، كە هەڕەشەی لە ئاسایش و سەقامگیری هەموو ناوچەكە و جیهان دەكرد.
لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، وەك دەستەی بەڕێوەبەری كەنەكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری شەهیدان و گەلەكەمان دەكەین، دڵنیا دەبینەوە، كە گیانبازی ئەو شەهیدانە دەبێتە چرای بەردەوامی بەرخۆدان و پاراستنی گەلەكەمان و خاكە پیرۆزەكەیان.
ڕ.ڕ
Comments are closed.