تائێستا ٧٠٪ی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتیان وەرنەگرتووە

حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنیت، تائێستا ٧٦ ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكردووە، بەو پێیە بێت تەنها ٣٠٪ی هاوڵاتیان نەوتیان وەر گرتووە و ٧٠٪ی هاوڵاتیان نەوتیان وەرنەگرتووە.

پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی پێهاتووە و لە دەوروبەری شار و شارۆچکەکانیش پڕۆسەکە بەردەوامی هەیە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، تا ئێستا ٧٦ ملیۆن و ٦٠٢ هەزار و ٣٤٨ لیتر نەوتی سپی، بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا لە پارێزگا جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەكی تایبەتی بە كەرتی نەوت و گاز داوە، بۆ ئەمەش پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی كوردستان دەستپێکردووە، بەمەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی پێویست بۆ هاووڵاتییان.

بۆئەوەی هەموو ماڵێكی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك نەوت وەربگرێت، پێویستە ٢٥٥ ملیۆن لیتر نەوت دابەشبكرێت، بەڵام بەپێی داتاكەی حكومەت تائێستا ٢٨%ی هاوڵاتیان نەوتیان وەرگرتووە و ٧٢٪ ی هاوڵاتیان نەوتیان وەر نەگرتووە،  لەكاتێكدا وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە لە كۆتاییدایە.

س.س

Comments are closed.