دەزگاى کاروباری مین هاوڵاتییان لە مەترسی ناوچە شاخاوییەکان ئاگادار دەکاتەوە

ڕەواندوز

بەڕێوەبەرایەتی دەزگای گشتی کاروباری مینی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات، لە پشووەکانی نەورۆزدا خۆیان لەو ناوچانە بپارێزن کە بە مین چێنراون، بەتایبەت لە سنوری ئیدارەی سۆران کە زۆرترین کێڵگە مینی تێدایە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عەلی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای گشتی کاروباری مینی هەولێر وتی: تیمەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزدا لە ئەرکدا دەبن و لەهەرکوێ ڕووداوی مەترسیدار هەبوو بەدەم هاوڵاتیانەوە دەچن، لە وەرزی بەهاردا بەهۆی ئەنجامدانی گەشتوگوزار و هێنانی گژوگیای بەهاری زۆرترین هاوڵاتی دەبنە قوربانی.

هەروەها وتیشی: سەرەڕای بەردەوامی تیمەکانیان بۆ پاکسازی و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، هێشتا مەترسی مین و تەقەمەنی نەتەقاوە لە سنوری شارۆچکەکانی سۆران و ڕەواندوز و مێرگەسۆر و چۆمان و برادۆست هەیە، چونکە سەدان کێڵگە مینی مینڕێژکراو هەن کە هێشتا پاک نەکراونەتەوە.

داواش لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات، لەکاتی چوونیان بۆ ناوچە شاخاوییەکان خۆیان بپارێزن و لەبوونی هەر ڕووداوێکیش تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

س.س

Comments are closed.