گوڵتان کشاناک؛ لەسەر سندوقی دەنگدان مانای نەورۆز دەسەلمێنین

گوڵتان کشاناک هاوسەرۆکی پێشووتری شارەوانی گەورەی ئامەد ڕایگەیاند، لەسەر سندوقەکانی مانای نەورۆز دەسەلمێنین و لێپرسینەوە لەو ئازار و زوڵم و مەرگەساتە گەورەیەی کە کراوە، دەکەین.

گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد، کە ماوەی حەوت ساڵە لە بەندیخانەی ژنانی کاندیرا زیندانی کراوە، پەیامێکی بۆ نەورۆز ناردووە و دەڵێت: سڵاو لە گەلەکەمان، کە بە پەرۆشیی نەورۆزەوە دەڕژێنە گۆڕەپانەکان، چەندین ساڵە نەورۆز بە هێز و هیواوە ئێمەی لەسەرپێ ڕاگرتووە، بەها و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئێمە، لەگەڵ وتنەوەی گۆرانییەکانی ئازادیی، لە دژی خراپە هێزی بەرخۆدان و بەرهەڵستیکردنمان پێدەبەخشێت.

گوڵتان کشاناک لە پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی تورکیا و ڕایدەگەیەنێت، لە ١٤ی ئایاردا بە دروستکردنی گەورەترین هاوپەیمانی دیموکراتی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان مانای نەورۆز دەسەلمێنین.

هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، لە بەرامەبەر ئەو زیانە گەورەیەی بومەلەرزەکە بە گەلی کوردی گەیاند، دەبێت هەستی یەکڕیزی و هاوبەشیمان بەهێز بکەین و برینەکانمان پێکەوە ساڕێژ بکەین، لەسەر سندوقەکانی دەنگدان لێپرسینەوە لە ئەو ئازار و نادادپەروەری و مەرگ و ستەمانە بکەین، کە دەوڵەتی فاشیست بەرامبەر هەموومانی کردووە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: وەک زیندانیانی ژنی سیاسی لە بەندیخانەی کاندیرا بەرخۆدانمان لەگەڵ بەرخودانی ئێوە یەکدەخەین، لەگەڵ ئێوەدا ئاگری نەورۆز دادەگیرسێنین، هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بەدیل بگرێت، نە تەل نە چوار دیوار و نە دەرگا ئاسنینەکانیش نە مانای هەبووە و نە دەشیبێت، ئێمە بە باوەڕی خۆمان پێکەوە بۆ ئازادی سەما دەکەین، سڵاوتان لێ دەکەین، نەورۆز لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.

ش. ئـ

 

 

Comments are closed.