شاندی نێودەوڵەتی ژنان؛ سەردانی ژنانی چەند لایەنێکی باشووریان کرد

ڕۆژنیوز- سلێمانی

بۆ ڕۆژی دووەم سەردانی شاندی نێودەوڵەتی ژنان بۆ لای ژنانی لایەنەکانی باشووری کوردستان بەردەوامە، ئەو سەردانە بە دەستپێشخەری ڕێپاک ڕێکخراوە و ئامانجەکەشی زانینی سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و قوڵبوونەوە لەو چەمکانە و ئاستی بەرجەستەکردنییەتی لە هەرێمی کوردستان.

بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد -ڕێپاک، بە مەستی ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوە لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و تێگەیشتنی زیاتر و زانینی ئاستی بەرجەستەکردنی لە هەرێمەکەدا، شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان لە ئەڵمانیاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان و لە سلێمانی سەردانی ژنانی لایەنە جیاوازەکان دەکەن.

لەبەردەوامیی سەردانەكەیاندا شاندی نێودەوڵەتی ژنان، سەردانی چەند ڕێكخراو و ناوەندێكی دیكەیان کرد، هەروەها بەدواداچوونەکانیان بۆ ئاستی بەرجەستەكردنی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندەکە سەردانی هەریەکە لە ناوەندی ژنۆلۆژی، یەكێتی ژنان، نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكووور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەهەرێمی كوردستان و  ڕێكخراوی ژنانی ئازادیخوای کوردستانیان کرد.

ئامانجی ئەو شاندە ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوە و تێگەیشتنە لە فەلسەفەی پشت دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و دۆزینەوەی سەرچاوەکەی، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو دروشمەیە لەسەرانسەری جیهان کە ژنانی کورد پێشەنگایەتی دەکەن.

شاندەكە  لە چەند ژنێک پێکدێن کە ڕەچەڵەکی جیاوازیان هەیە و ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، هەریەکەشیان ئەندامی ڕێکخراو و چالاکوانن و كار لەسەر پرسی ژن دەكەن، ئەوانیش: كیلا كۆپەر لە بۆلیڤیا، كۆخۆب مهریتاب لە ئێریتریا، كارۆ كیم لە كۆریا، ڕەها زەمانی لە ئێران

شایەنی باسە، دوێنێ شەممە، شاندەکە سەردانی هەریەکە لە ژنانی حزبی شیوعی، بزوتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادیان كردبوو، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی زنجیرە سەردانەکەیان بوو، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ئادار لە پانێڵێکدا بۆچوون و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاشکرا بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.