دوای پێنج خولی دانوستان لە عێراق پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ڕیاز ئاسایی بووەتەوە

ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دوای پێنج خولی دانوستانان لە بەغدای پایتەختی عێراق پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیە گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، دەشڵێت، لەگەڵ ڕیاز ڕێككەوتوون شاندە تەكنیكیەكان سەردانی یەكتر بكەن، بۆ پشكنین بۆ باڵیۆزخانەكانی هەردوو وڵات و ئامادەكاری بۆ كردنەوەیان.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای پێنج خولی دانوستان كە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، كە بووە هۆی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ڕیاز بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، دەشڵێت، بەم نزیكانە چاوی بە وەزیری دەرەوەی سعودیە دەكەوێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا پەیامیان لەگەڵ سعودیە ئاڵوگۆڕ كردوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی پەكین، هەروەها پێشنیاریشیان كردوە سەرەتا هەر سێ وڵات پێكەوە كۆبونەوەیەك ئەنجامبدەن.

ڕوونیشیكردەوە، لەگەڵ ڕیاز ڕێككەوتون شاندە تەكنیكیەكان سەردانی یەكتر بكەن، بۆ پشكنین بۆ باڵیۆزخانەكانی هەردوو وڵات و ئامادەكاری بۆ كردنەوەیان بكەن، هەروەها ڕێككەوتنێك لە نێوان تاران و ڕیاز هەیە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵات بۆ باری ئاسایی خۆی.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتیشی، بە هاوكاری لەگەڵ سعودیە كاردەكەن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا، هەروەها ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی خۆیان لە وڵاتانی دراوسێوە نادەن.

جێگای ئاماژەیە، ماوەی چەند ساڵێكە عێراق هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان سعودیە و ئێران دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش پێنج گەڕی دانوستان لە بەغدا بەڕێوەچووە، لە ئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ڕیاز بەرەو ئاسایی بووەنەوە دەچێت، لەكۆتا ڕێككەوتنی نێوانیان بڕیاریاندا لەماوەی دوو مانگدا كار بۆ كردنەوەی باڵوێزخانەی هەردوو وڵات بكرێت.

ه.ئ

 

Comments are closed.