ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
په‌رله‌مانتارێكی پێشوتری په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان كوردستان پێشێلكردنی بڕیارێكی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ڕۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمه‌وه به‌بیرده‌هێنێته‌وه و دەڵێت: حكومه‌تی هه‌رێم له‌زۆنی زه‌رد، خاك و ئاسمانی خستووەته ژێر ده‌سه‌ڵات و خزمه‌تی دوژمنانی كورده‌وه و توركیا، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك باخچه‌ی پشته‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی سه‌یر ده‌كات.
د.شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری پێشوتری په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان و ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه) له‌لێدوانێكدا بۆ شارپرێس، وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی دایه‌وه، سه‌باره‌ت به‌داواكارییان له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌به‌كارهێنانی ئاسمانی هه‌رێم له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌و ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه.
ئەو ئەندامەی كەنەكە وتی: به‌داخه‌وه دوو هێز له‌هه‌رێم، كوردستانیان دابه‌شكردوه بۆ دوو ده‌سه‌ڵاتی درێژكراوه‌ی توركیا و ئێران، ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشێلكردنی بڕیارێكی په‌رله‌مانی كوردستانه.
“ساڵی ٢٠١٤ په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری ژماره ٢٤ی ده‌ركرد كه ده‌ڵێت “ده‌بێت حكومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كانی هه‌رێم، به‌ڕه‌سمی دان به‌كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستاندا بنێن و هاوكارییان بكات و نوێنه‌رایه‌تیشیان به‌فه‌رمی له‌هه‌رێم هه‌بێت”.
د.شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین وتیشی: به‌داخه‌وه تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم له‌زۆنی زه‌رد، ڕێگه‌ی نه‌داوه به‌كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئیداره‌ی خۆسه‌ری ڕۆژئاوای كوردستان، كه ئه‌مه‌ش جارێكی تر پێشێلی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه له‌٢٠١٤دا.
سه‌باره‌ت به‌ناوه‌ڕۆكی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه له به‌كارهێنانی ئاسمانی هه‌رێم له‌لایه‌ن قه‌سه‌ده و ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه وتی: پێم سه‌یر نییه ئه‌م په‌یام و ڕاگه‌یه‌نراوانه، چونكه ئه‌وه بڕیاره له‌و سنوره كه ئاسمان‌و خاكی هه‌رێم بخرێته خزمه‌تی دوژمنانی كورده‌وه.
“فڕۆكه‌كانی توركیا به‌قوڵایی خاكی هه‌رێم دێن‌و ده‌ڕۆن‌و بۆردومان ده‌كه‌ن‌و خه‌ڵك ده‌كوژن، به‌ڵام نه‌مان بینی ڕۆژێك له‌ڕۆژان ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاوبكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات خاك‌و ئاسمان‌و وڵاتمان بۆ دوژمنه‌كانی كورد كراوه‌یه‌و له‌كورد حه‌رامه‌و توركیا هه‌رێمی كوردستان وه‌ك باخچه‌ی پشته‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی سه‌یر ده‌كات” د.شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین وای وت.
به‌وته‌ی د.شێركۆ، حكومه‌تی هه‌رێم له‌زۆنی زه‌رد، هه‌موو دژایه‌تیه‌كی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیش هه‌وڵده‌دات بیخنكێنێت، بۆیه به‌ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌زانم، لێكۆڵینه‌وه له‌حكومه‌ت بكات له‌سه‌ر كۆی ئه‌و یاسایانه‌ی حكومه‌ت پێشێلیان ده‌كات.
س.س
Comments are closed.