ڕزگاربووانى شاڵاوى ئەنفال لە هەولێر گردبوونەوە

ڕۆژنیوز- هەولێر

ئەمڕۆ ڕزگاربووانی شاڵاوى ئەنفال بۆ سێیەم جار لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر گردبوونەوە و تێیدا داوایانکرد، حکومەتی هەرێمى کوردستان مووچەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، کە بەبیانووی چاکسازی بڕیووییەتى.

بڕینی مووچەی ژمارەیەک لە کەسوکاری ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال بە بیانووی چاکسازیکردن لە موچەدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ناڕەزایەتی لای ڕزگاربووانی ئەنفال لێکەوتۆتەوە و لەو چوارچێوەشدا دژى بڕینى موچەکانیان ئەمڕۆ ڕزگاربووانی شاڵاوى ئەنفال بۆ سێیەم جار لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر گردبوونەوە.

فازڵ حەمەخان
فازڵ حەمەخان

لەوبارەوە، فازڵ حەمەخان، کە ڕزگاربووییەکى شاڵاوی ئەنفالە بە ڕۆژنیوزى وت: حکومەت بە بیانی چاکسازیکردن مووچەیەکی ٢٥٠هەزاریمان هەبوو، بەڵام زیاتر لە دوو ساڵە بڕیوییەتى، لەکاتێکدا ئێمە تەنها یەک مووچەمان هەیە و بارودۆخی ژیانمان زۆر خراپە.

وتیشی: ئێمە براینە نوگرە سەلمان تاوەکو ئەنفال بکرێین، بەڵام حکومەت لەبری خزمەتکردنمان مووچەکەمانیانى بڕیوە، داواکارین حکومەت ئاوڕ لە ژیانی ڕزگاربووانی شاڵاوى ئەنفال بداتەوە .

هەروەها، خەسرەو پەروێز، کە یەکێکی دیکەیە لە ڕزگاربووانی شاڵاوى ئەنفال وتى: حکومەتی هەرێم بە دەنگمانەوە نایەت و گوێ لە داواکاریەکانمان ناگرێت و لەژێر ناوی چاکسازیدا مووچەکانمانى بڕیوە و داواکارم مووچەکانمان بۆ بگەرێندرێتەوە .

خەسرەو پەروێز
خەسرەو پەروێز

ئ.م

Comments are closed.