لە باكووری كوردستان و توركیا بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز دەكرێت

بەڕێوەچوونی مەراسیمەكانی جەژنی نەورۆز لە شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان و توركیا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ لە چەندین ناوچە بە بەشداری هەزاران كەس نەورۆز پیرۆز كرا و تێیدا بانگەواز بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان بەرز كرایەوە.

بە پێشەنگایەتی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی –كەجەدە، تەڤگەری ژنانی ئازاد – تەژەئا، پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان-دەبەپە، پارتی دیموكراتی گەلان -هەدەپە و كۆنگرەی دیموكراتی گەلان- هەدەكە، نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی لە ٤٣ ناوەند لە باكوری كوردستان و توركیا پیرۆز دەكرێت.

ئەمساڵ لە باكووری كوردستان ئاگری نەورۆز بۆ یەكەمجار لە ١٥ی ئادار دا، لە ناوچەی شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ كرایەوە، ئەمڕۆش بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە و بە بەشداری هەزاران كەس لە شارەكانی وان، قۆسەر، ئیستەنبوڵ، گەڤەر، دێرسیم، چەڤلك، سێرت، ئیدر، مووش، ئەنقەرە، مێرسین، ئانتالیا، ئیزمیر، ئایدن، موگلە، دەنزلی، بورسا، تراكیا و چەند ناوچەیەكی دیكە نەورۆز پیرۆز كرا.

لە نەورۆزی ئەمساڵ دا بە دروشمی “هەموو شوێنێك نەورۆز، هەمیشە ئازادی”، داوای ئازادی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها بانگەواز بۆ خەباتی هاوبەش لە دژی دیكتاتۆرییەتی ئاكەپە-مەهەپە دەكرێت.

بڕیارە ڕۆژی ٢١ی ئادار لە ئامەد، جزیر، وێرانشار و چاناككالە مەڕاسیمی جەماوەری گەورە بۆ پیرۆزكردنی نەورۆز ساز بكرێت.

ڕ.ڕ

Comments are closed.