عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی ئەمنیان لەبارەی سنورەکانیانەوە واژوو كرد

ڕۆژنیوز ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندی یاوەری كۆبوویەوە، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە سەرتاسەری ناوچەكە و ڕێگاكانی سەقامگیریی ناوچەكە كرا، هەروەها ڕاپۆرتێكی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ كرا.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران شاندی یاوەری كۆبوویەوە، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە سەرتاسەری ناوچەكە كرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە میانی دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتیكردەوە بەهەموو جۆرێك ڕەتیدەكاتەوە، خاكی عێراق ببێتە پردی پەڕینەوە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هیچ یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ، هەروەها نابێت خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بوونی گروپە چەكدارەكان، یان بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێك بۆ بەئامانجگرتنیان، یان بۆ هەر پێشێلكارییەكی سەر سەروەری عێراق.

عەلی شەمخانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی عێراق دووپاتكردەوە، هەروەها خواستی ئێران نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات.

لەكۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیران، ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ كراوە، کە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و  عەلی شەمخانی ڕێكەوتنەكەیان واژۆ كردوە.

هەروەها  ڕێککەوتنەکەش بریتییە لە هەماهەنگی لە پاراستنی سنوورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات و چەسپاندنی هاوكاریی هاوبەش لە چەند بوارێكی ئەمنیدا.

ه.ئ

Comments are closed.