بەسێ ئانووش؛ یەکەمین ژنە شەهیدی کورد لە ناو تەڤگەری ئاپۆیی-دا

شۆڕشی هاوچەرخی کوردستان، شۆڕشی ژنان و گەنجانی ئازادیخوازی کوردە، کاتێک پەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە دەبینین، ژنانی کورد لە ئاستی فەرمانداریی و پێشەنگایەتی شۆڕشدا، ڕۆڵێکی گرنگ و دیاریان هەبووە و یەکەم چەخماخەی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانیان لێدا دژی داگیرکاریی و ستەم.

یەكێک لەو ژنانە بەسێ ئانووش-ە، کە بە قژە ڕەش و دەمانچەکەی دەستی و چاوە پڕ لەهیواکانی دەرکەوت و وێنەیەکی هەتا هەتایی لە یادەوەریی هەموواندا دروستکرد.

ڕۆڵی بەسێ ئانووش لە تێکۆشانی ئازادیی کورددا پێگەیەکی گرنگی هەیە، بووەتە سەرچاوەی سروش و هاندان بۆ ژنانی کورد و عەلەوی، ئازایەتی بێسێ وەک ئاگرێکی بەتین ئیرادەی بەخشییە هاوڕێ و گەلەکەی و بە دروشمی “ئەگەر شەهید بم، باوەڕم وایە سەدان ژن هەن لەدوای من  هەمان ڕێچکە دەگرنە بەر”.

بەسێ ئانووش کێیە؟

بەسێ ئانوش لە ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی ئەسماپوروو لە ناوچەی بازارجیخی مەڕەش لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ محەممەد هاوسەرگیریییەکی باو دەکەن، بەڵام هەردووکیان ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە ڕەت دەکەنەوە و بڕیاریاندا وەک دوو هەڤاڵ ژیانیان بکەن و دەستبەرداری  چالاکییە شۆڕشگێڕییەکان نەبن.

لە ساڵی ١٩٧٨ دوای کۆمەڵکوژیی سەربازانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر کوردانی مەڕەش، وەک یەکەم ژن بەشداری ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەبێت، لە قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕێت لە ڕێکخستنکردنی ژنان و نزیک کردنەوەیان لە تێکۆشانی ئازادی.

بەسێ یەکێک دەبێت لەو کەسانەی بەهۆی کودەتای ساڵی ١٩٨٠ دەستگیر دەکرێت، لە زینداندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دەبێتەوە، سەرباری هەموو ئەشکەجەکان دوژمن ناتوانێت هیچ وشەیەک لە بەسێ وەربگرێت.

تەنانەت ئەشکەنجەدەرانی ناو زیندانەکە دان بەو ڕاستییەدا دەنێن و یەکێکان دەڵێت: بە دەستەکانی خۆم ئەوەندەم ئەشکەنجەدا تا شتێکی لێ وەربگرم، بەڵام هەرچییەکمان کرد بێ سوودبوو، تەنانەت نەشمانتوانی وای لێبکەین هاواریش بکات.

ژنانی فێری هونەری بەرگریکردن دەکرد

لەپاش ئازادکردنی لە زیندان، بەردەوامی دا بە چالاکییەکانی و گوند بە گوند دەگەڕا و وانەی هونەری بەرگریکردن لە خودی دەدا بە ژنان، بەشێک لەو ژنانەشی فێری بەکارهێنانی چەک و دەماچە دەکرد.

بەهۆی ئەو جوڵانەی دووبارە دەستگیر دەکرێتەوە و ناچار دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، بەڵام ئەمجارەیان بەسێ ڕوودەکاتە نێو بزوتنەوەی ڕزگاری کورد و لە ڕیزەکانی پەکەکەدا درێژە بە تێکۆشانەکانی دەدات.

سێ هەزار کەس ماڵئاواییان لێکرد

بەسێ ئانوش لە ١٧ی ئازاری ١٩٨١ لە نزیک گوندی مۆسولار لە شەڕێکدا دژی بە سوپای داگیرکەری تورک شەهید دەبێت، بوو بە یەکەمین شەهیدی ژنی ناو تەڤگەری ئاپۆیی و پەکەکە، وێڕای هەموو سەرکوتکارییەکانی دەوڵەت خەڵکی بازارجیخ خاوەندارێتییان لە تەرمەکەی کرد و نزیکەی ٣٠٠٠کەس بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاک سپاردنەکەیدا کرد.

ش. ئـ

Comments are closed.