سەرکردەیەکى یەنەکە: هاوکاری کردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان شەرەفە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەنەکە ڕایگەیاند: حکومەت بێ لیژنە و کوتوپڕ تۆمەت دەبەخشنەوە گوایە ساغ بووەتەوە حزبەکەمان هاوکاری بەشەکانی دیکەى کوردستان دەکات، وەک مام جەلال دەیوت ئەوە شەرەفێکە بانگەشەى بۆ ناکەین و تۆمەتێکیشە ڕەتیناکەینەوە.

ستران عەبدوڵا، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەنەکە و بەرپرسى ڕاگەیاندنى ئەو حزبە لە نوسینێکدا دەڵێت: “بەیاننامە لەسەر هاوبەشەکانیان لە حکومەت دەردەکەن، بێ ئاگاداری هاوڕێکانیان لە دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایش گاڵی دەر و دراوسێ دەدەن، کە یەکێتیی ئەوەندە فڕۆکەی لێ زیادە گوایە بەشی ڕۆژئاواشی لێ دەدات”.

لە بەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا ئەو سەرکردەى یەنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە: “بێ لیژنە و کوتوپڕ تۆمەت ئەبەخشنەوە گوایە ساغ بووەتەوە یەکێتیی هاوکاری بەشەکانی دیکەى کوردستان دەکات”.

ستران عەبدوڵا دەشڵێت: “ئاخر لەسەر دووشتی وا بوو، کە مام جەلال بە عەرەبییەکی بەلیغ دەیوت: شرف لا ندعيه وتهمة لا ننفيه، کە بە کوردییەکی رەوان دەکاتە؛ شەرەفێکە ئیدعای بۆ ناکەین و تۆمەتێکیشە ڕەتیناکەینەوە”.

هاوکات، شەوى ١٥ی ئەم مانگە هێزێک لە یەکینەکانی دژەتیرۆری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەکاتێکدا لەڕێگابوون بێن بۆ شاری سلێمانی، بەڵام هەردوو  هێلیکۆپتەرەکەیان کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ شەڕڤان، کە لەنێویاندا فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر، شێرڤان کۆبانی هەبوو گیانیان لەدەستدا.

ئ.م

Comments are closed.