هۆکارەکانی تووشبوون بە سەوەفان چین؟

‎دکتۆر سەروەر سالار دەڵێت: زیادبوونی تەمەن و کێشى جەستە، پێکان و زەبرى دەرەکى، هۆکاری بۆ ماوەیی هۆکارن بۆ توشبوونى کەسێک بە نەخۆى سەوەفان، دەشڵێت: بۆ چارەسەرى ئەم نەخۆشیە پێویستە ڕۆژانە ٣٠ خولەک وەرزش بکرێت و هەوڵ بدرێت کیشى جەستە کەم بکرێتەوە.

‎ دکتۆر سەروەر سالار، پزیشکی پسپۆڕی ئێسک، جومگە، ڕۆماتیزم و فەقەرات لە نوسینێکدا ئاماژە بە هۆکارەکانى توشبوونى هاوڵاتیان بە سەوەفان دەکات، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

هۆکارەکانى توشبوون بە سەوەفان چین؟

یەکەم- زیادبوونی تەمەن.

دووەم- زیادبوونی کێش.

سێیەم- ڕەگەزی مێ ئەگەرى توشبونیان بەم نەخۆشیە زیاترە.

چوارەم- هەندێک کار و پیشە، کە بەهۆیانەوە فشاری زۆر دەکەوێتە سەر جومگە.

پێنجەم- پێکان و زەبری دەرەکی.

شەشەم- زۆر دووبارەبونەوەی فشار لەسەر جومگە وەکو لە وەرزشە ماندوکەرەکاندا.

حەوتەم- هۆکاری بۆ ماوەیی.

هەشتەم- ناڕێک و پێکیی سکماکیی لە جومگە و ئێسکدا.

چارەسەرى سەوەفان چییە؟

تاوەکو ئێستا چارەسەری بنەڕەتیی سەوەفان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەتوانرێت توندی و ماوەی ئازارەکە کەمتر بکرێتەوە و مەودای جووڵەی زیادبکرێت، هەروەها تا ڕادەیەک ڕێگە لە خراپتربوونی جومگە بگیرێت.

چارەسەری سەوەفان بە زۆری پێکدێت لە کۆمەڵێک چارەسەری فیزیایی و  وەرزشی و خۆپارێزی، کە ئەمانەن:-

یەکەم- پێویستە ڕۆژانە ٣٠ خولەک وەرزش بکرێت، چونکە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەوروبەری جومگەکە گرنگە.

دووەم- دابەزاندنی کێش ئەگەر کێش لە ئاسایی زیاتر بوو .

سێیەم- ڕێککردنەوەی خەو.

چوارەم- دانانی گەرمی یاخود ساردی لەسەر جومگەکە بۆ ماوەی ٢٠خولەکى ڕۆژانە .

پێنجەم- خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە OMEGA 3 و ڤایتەمین D, C, A تا ڕادەیەک ڕۆڵی هەیە .

ئ.م

Comments are closed.