قەڵادزێ
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکان، بەشێک لە هاوڵاتیان ڕوو لە شاخ و دەشت و چیاکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو گژوگیایانە بەمەبەستی دابینکردنى بژێوی ژیانی خۆیان و بازاڕەکانیش پڕ دەکەن لە گژوگیای بەهاری، وەک ڕێواس، دۆرە، کنگر، مەندۆک و لوشە و گژوگیا بەهارییەکانی دیکە، هاوکات هاوڵاتیانی دیکەش بە تامەزرۆوە ئەو گژوگیایانە دەکڕن.
وەرزی بەهار دەشت و دۆڵ و ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان پڕ دەبن لەو گژوگیا بەهاریانەی کە وەک خۆراک لەلایەن هاوڵاتیانەوە سودی لێوەردەگیرێت، شارۆچکەی قەڵادزێش کەناوچەیەکى بەپیتى ئەو گژو گیا بەهارییانەیە، هاوڵاتیان چی بۆ فرۆشتن چی بۆ خۆیان ڕوو لەناوچەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانى ئەو گژو گیایانە.
بەشێک لە هاوڵاتیان بە گرنگییەوە باس لەو گژوگیایانە دەکەن کە بەوتەى خۆیان هۆکارن بۆ چارەسەرکردنى چەندین نەخۆشی، جگە لەسوودە تەندروستیەکانیش هاوکات خواردنێکی بەچێژی سەر سفرەوخوانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانە، گژو گیا بەهارییەکان بۆهەندێ هاوڵاتی سەرچاوەی بژێوی ژیانە.

مەحمود حەمە لە شارۆچکەی قەڵادزێ فرۆشیاری گیا بەهارییەکانەو دەڵێت: ئەمساڵ کاتی پێگەیشتنی گیا بەهارییەکان پێشکەوت، بە هۆی ئەوەی مانگێک جەو خۆشبوو و هۆکارێکبوو بۆ زوو پێگەشتنی گیا خۆراکییەکان.
وتیشی: بە گوێرەی جۆری گیا بەهارییەکان نرخەکانیان دەگۆڕێت، بەنموونە کنگر هەیە کیلۆی سێ هەزار دەکات .
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى ئەو گژوگیا بەهارییانە، ئەوەیە دەتوانرێت بەشێوازی جۆراو جۆر بۆ وەرزی پایزو زستانیش هەڵدەگیرێن و دواتر بۆ خواردن ئامادە بکرێن، یان بۆ دەرمانى سروشتى چارەسەرکردنى نەخۆشییەکان سودی لێوەردەگیرێت.

ئیسماعیل عەبدوڵا هاوڵاتییەکی ناوچەیەکە و هاتووە بۆ کڕینی گیای بەهاری دەڵێت: خەڵک زۆری حەز لە گیا بەهاریەکانە، ئێستا منیش هاتووم کارد و کنگر بکڕم، گیا بەهارییەکان دەرمانن بۆ مرۆڤ ئیشتیها دەکەنەوە، ترشۆکە بۆ زەخت و باڕێزە بۆ گورچیلە باشە، خواستێکی زۆر لەسەر ئەو گیا بەهاریانە هەیە .
ئەوهاوڵاتیە باسی لەوەشکرد، کە بەهۆی گرنگی ئەو گژ وگیا بەهارییانە بەتایبەت میوانى پێ دەعوەت دەکات، دەشڵێت: ئێستا کە بازاڕی گیا بەهاریەکان گەرمە خەڵک زۆر ئارەزووی خواردنە کوردەواریەکان دەکات، ئەو گژ و گیایانە لە کوێستانەکانەوە دێت و بە ئاوێکی پاک گەورە دەبێت، پاک و تەندروستە خەڵک لێی دڵنیایە هەر بۆیەش خواستی زۆری لەسەرە.
هـ.ح
Comments are closed.