هۆشداری لە بەردەوامی قەیرانی ئاو لە عێراق دەدرێت

ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوی پەرلەمان هۆشداریی دا لە بەردەوامبوونی قەیرانی ئاوی لە عێراق بە بێ دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ مسۆگەركردنی پشكی ئاوی عێراق، توركیا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەوڵی دروستكردنی زیاتر لە ٢٢٠بەنداو دەدات.

سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوی پەرلەمان بەمیدیا عێراقییەكانی ڕایگەیاند، هۆشداریی دا لە بەردەوامبوونی قەیرانی ئاو لە عێراق بە بێ دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ مسۆگەركردنی پشكی ئاوی عێراق، ئەمەش وڵات تووشی كارەسات دەكات، ئەگەر ئەو دۆخە بەبێ چارەسەر بەردەوامە بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا پلانێك جێبەجێ دەكات، بۆ دروستكردنی زیاتر لە ٢٢٠ بەنداو بە ئامانجی بڕینی ئاوی عێراق، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ٤٠ڕێڕەوی ئاوی لە ئێرانەوە دێن بۆ عێراق، هەر بۆیە وڵات بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حكومەت پێویستی بە ئەنجامدانی دیالۆگو و گفتوگۆ لەگەڵ توركیا و ئێران هەیە، بۆ ئەوەی بگات بە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر، ئەگەرنا كاریگەرییەكانی ئاو كارەساتبار دەبن لە عێراق، چونكە بەردەوام بوونی ئەم بارودۆخە یەكسانە بە پێشێلكردنی ماف و سەروەری عێراق.

لەكۆتایشدا دەڵێت، ڕەنگە هەموو ئەو ناكۆكیانەی كە لەسەر ئاو سەرهەڵدەدەن بگاتە قۆناغێك كە چارەسەر نەكرێت، ڕەنگە پێویستی بە دەستێوەردانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بێت، پێویستە عێراقیش بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافەكانی سكاڵا لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی  تۆمار بكات.

پێشتر عەون زیاب، وەزیر سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، توركیا بەنیازی دروستكردنی ٢٠ بەنداوی نوێیە لە سەر هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات، ئەمەش كارەسات و قەیرانی ئاوی لە عێراق زیاتر دەكات، كە بەهۆیەوە چەند ناوچەیەكی هۆڕەكان چۆڵ بوون، لەئەنجامدا زیان بەر كشتوكاڵ و ئابوری عێراق كەوتوە.

هـ.ئ

Comments are closed.