هونەرمەندان: هونەری كوردی لە ئاستێكی خراپ دایە و بازرگانی پێوەدەکرێت

هەڵەبجە

بەشێک لە هونەرمەندان باس لەوە دەكەن، ڕەوشی هونەر لە هەرێمی كوردستاندا لەئاستێكی خراپدایە و دەسەڵات لێی بەرپرسە، نیگەرانیشن لەوەی دراما توركییەكان بەشێوەیەكی بێسنور پیشاندەدەرێن، كاریگەری خراپ و نەرێنیان لەسەر كۆمەڵگای كوردی دروستكردوە

بەهۆی پەراوێزخستنی ڕەوشی هونەر لەكوردستان لەئاستێكی خراپدایە، ئەوەش بووە بەجێگەی نیگەرانی هەموو هونەرمەندان و زۆرینەى هاوڵاتیانیش، لە كاتێكدا هونەر لەمڕۆدا كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر جەماوەر.

كەویار هادی

كەویار هادی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە ڕۆژنیوزی وت: هەموومان دەبینین ڕۆژانە ئیشی نوێی هونەریی بڵاودەبێتەوە، گۆرانیبێژی نوێ‌ دێتە ناوبواری هونەر، خۆم ڕەوشی هونەر بە باش نابینم لە كوردستان، لەبەر ئەوەی هەركەس هەڵدەستێ‌ گۆرانی دەڵێت و شیعر دەنوسێت و ئاواز دروستدەكات.

کەویار دەشڵێت: كاتێك بتەوێت گۆرانی بڵێیت، دەبێت شیعرو مۆسیقاو ئاوازەكە هەڵسەنگێنی بۆ ئەوەی شتێكی باش پێشكەشی بینەر بكەیت.

ئەمە تەنیا نیگەرانى کەوریا نییە لە ڕەوشی هونەر لە هەرێمی کوردستان، ئەحمەد فەتاح، هونەرمەندێكی دیكەیە لەبواری شانۆو دراما  كاردەكات بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕەوشی هونەر ئەگەر بەراورد بكەین بەساڵی هەشتاكان و حەفتاكان ئەو ڕەوتە جوانەی خۆی لەدەستداوە، زەمەنێك هەبوو هونەر لەوپەڕی بەرزیدا بوو، زەمەنێك هەبوو دەسەڵاتداریی لەبەرامبەر كارێكی هونەریدا دەلەرزی، زەمەنێك هەبوو كاری هونەریی ئەو كارە بەپێزانەیان هەڵدەبژارد كەئەدەبی بەرگریی تێدابوو، بەتاموو چێژەوە خەڵك چاوەڕوانی بەرهەمەكانی دەكرد.

ئەحمەد فەتاح

بەوتەی ئەو هونەرمەندە، ئێستا هونەر ڕەوتێكە خەریكە دەچێتە قاڵبی بازرگانیەوە، یان لەبازنەیەكی داخراودایە كۆمەڵێك خەڵك یاری پێوەدەكەن كەسانی زۆر باش لەبوارەكەدا پەراوێز خراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵات دەورێكی خراپ دەبینێ‌ لەبەرەو پێشەوە چوونی كایەی هونەریدا، وەك پێویست هاوكاری تیپە هونەرییەكان و بەرهەمە هونەرییە جوانەكان نیە، كارەكە بەرهەم دێت هیچ پاڵپشتیەكیان ناكرێت، بگرە زۆرجار لێیان دەدرێت بۆیە ڕەوتی هونەر زۆر خراپە.

ئەحمەد فەتاح، نایشارێتەوە، كە دراما توركیەكان كاریگەریی خراپیان لەسەر ڕەوتی كۆمەڵگایی كوردستان دروستكردووە، وەک خۆی  دەیڵێت: زۆرجار بەشێك لەنوسەر و دەرهێنەرەكانمان لاسایی ئەو دراما توركیانە دەكەنەوە، پرۆگرامەكانی ئەو درامایانە بەجۆرێك بێ سنورە، هەموویی لێدانە و كۆمەڵگایی كوردیی كاریگەری خراپ و نێگەتیڤیان لەسەر لەداب و نەریت كۆمەڵگایی جوانی كوردەواریی دروست كردووە.

س.س

Comments are closed.