وەزیری ژینگەی عێراق چاندنی ملیۆنێك دارخورمای لە بیابانی سەماوە ڕاگەیاند

وەزیری ژینگەی عێراق بڵاویكردەوە، دەستپێشخەریی هێزەكانی حەشدی بۆ چاندنی ملیۆنێك دار خورما لە بیابانی سەماوە بە هەنگاوێكی گەورە، بۆ بەهێزكردنی بەرنامەی حكومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا زانی.

نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق لەڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوەتەوە، دەستپێشخەریی هێزەكانی حەشدی بۆ چاندنی ملیۆنێك دار خورما لە بیابانی سەماوە هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەرە، هەروەها واقیعی ژینگەیی وڵات شاهیدی پێشكکەوتن دەبێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانەوە كە گوزارشت لە ڕۆحی نیشتمانپەروەری دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەرنامەی حكومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، كە بووەتە هۆی تەحەدایەكی گەورە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان بە گشتی و بە تایبەتی عێراق.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم دەستپێشخەرییانە هاوكاتە لەگەڵ كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گۆرانی كەش و هەوا و ڕووبەڕووبونەوەی بە بیابانبوون، هەروەها دەبێتە هۆی دەستەبەركردنی بەرنامەی ئاسایشی خۆراك، بڕیارە سبەی حەشدی شەعبی دەستبكات بەچاندنی یەك ملیۆن دار خورما لە بیابانی سەماوە.

لەكۆنفراسی نێودەوڵەتی گۆرانی كەش وهەوا و ڕووبەڕووبونەوەی بە بیابانبوون لەبەسرە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە چاندنی پێنج ملیۆن دار خورما وجۆری دیكە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەكانی بەبیابان بوونی عێراق.

ه.ئ

Comments are closed.