عەلی کەریمی: لەم نەورۆزەدا پێویستە بەرەیەکى یەکگرتوو لە ڕۆژهەڵات دروست بکەین

عەلی کەریمی سیاسەتمەداری ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەڵێت، پێویستە  لەم نەورۆزەدا یەکەم شت ناوماڵی خۆمان ڕێکخەین و پتەو بکەین، پێکەوە برایەتییەک بکەین، پێکەوە بەرەیەک دروست بکەین و بە ناوی بەرەیەکەوە ڕووبەڕووی دنیا ببینەوە، نەک کورد لەت بکەین و پاڵ بە کوڕی ڕەزا شاوە بدەین.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، عەلی کەریمی، سیاسەتمەداری ڕۆژهەڵاتى کوردستان، باس لە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” هەرگیز خامۆش نابێت و دانامرکێتەوە، دەشڵێت:” پارتە  سیاسیەکانى ڕۆژهەڵات لە ئاست چاوەڕوانى خەڵکی ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەبوون، لەجیاتى بەیەکڕیزی و یەکگرتوویی پشتگیریان بکەن، بەڵام خۆیان ناکۆک بوون دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا”.

ڕۆژ نیوز: ئێستا کە چەندین مانگ بەسەر سەرهەڵدانەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕیوە لەبارەى دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتەوە چی دەڵێیت و چۆن خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەیت؟

” دروشمی ژن ژیان ئازادی بوو بە هەژموون و سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە”

عەلی کەریمی: لە دوای ٤٤ ساڵ، داسەپاندن و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوو بینیمان، شارەکانی کوردستان بە تایبەتی و هەموو ئێرانیش بێوێنە بووە، بۆچی بێوێنە بوو؟ ڕاستە کەم کەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەر هەبووە، بەڵام ئەوەی ئەم جارە تەحەدایەکی هێندە گەورە بوو، ئەوەندە مەزڵومانە بوو، ئەوەی کە کچێکی مێردمنداڵی ٢٢ ساڵ چووە بۆ سەفەرێک بۆ تاران، لەوێ لەسەر ئەوەندەی کە تۆزێک قژی دیارە بەو شێوە بێ ڕەحمانە دەیکوژن، ئەمە بوو بە خاڵێک، بوو بە وەرچەرخانێک، کە بە ڕاستی کۆمەڵانی خەڵکی هێنایە سەر شەقام، لە هەمووی گرنگتر ئەو کاتە بوو لە ناشتنی ژینادا لە گۆڕستانی سەقز، ئەو دروشمی”ژن ژیان ئازادی” گوترا کە چاوەڕواننەکراوبوو لەسەرتاسەری ئێراندا گوترایەوەو دەنگیدایەوە، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەو دروشمە وەک شۆکێک وابوو قۆستیانەوە، ئەوە چ دروشمێکی کۆکەرەوەی هەمووانە، چ دروشمێکی بەربڵاوە، چ دروشمێکی خۆشە، چ دروشمێکە کە دەتوانی هەموو شتێکی تێدا ببینی.

ڕۆژنیوز: کەواتە بەبڕوای تۆش ئەم دروشمە تەنیا هی کورد نەبوو، ئێستا موڵکی گەلانی دیکەى ئێرانیش؟

عەلی کەریمی: لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ئەو دروشمە بوو بە هەژموون و سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە، لە هەموو شارەکان بە تایبەت شارەکانی کوردستان وای لێ هات کە کوردستان ببێتە مەشعەلێک، ببێتە ڕێنوێنێک، تەنانەت ئەو فارسانەی کە تا دوێنێ و پێرێ، ئەو نەتەوانەی دیکە، کە تا دوێنێ و پێرێ کوردییان قبوڵ نەبوو، هاتبوونە سەر تەلەفزیۆنەکان و دروشمەکەیان دەگوتەوە، دەیانگوت دەبێت لە کوردستانەوە ڕابەڕینمان بۆ بکرێت، لە کوردستانەوە ئەو شۆڕشە چەخماخەی لێداوە، لە کوردستانەوە دەبێت ئێمە خۆمان ئامادەبکەینەوە بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو بە دروشمی ورد تا درشتی سەرتاسەری خەڵکی شارەکانی ئێران، وە کوردستانیش لە پێشەوە بوو، بۆ کوردستان لە پێشەوەبوو؟ لەبەرئەوەی بمانەوێ و نەمانەوێ خۆمان دەزانین و لە دەردی خۆمان حاڵین، بە هەرجۆرێکی بێ، حیزبێک یان چەند حیزب هەبوون، ناوەندێک هەبوو، لەبەرئەوەی فارسەکان لە تاران یان لە شیراز بەربڵاو بوون ئەوەشیان نەبوو، هەر بۆیە ئێمە ڕۆڵی ڕابەریمان وەرگرت.

ڕۆژ نیوز: لەدوای سێ مانگ لە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکان بینیمان کەم کەم ناڕەزایەتییەکان خامۆش بوون هۆکار چییە؟

” ئەوەى گەلانى ئێران چاوەڕوانیان دەکرد ئەمریکاو ئەوروپا پشتگیریان بکات بوو بەپووش”

عەلی کەریمی: ئەوەی کە ئاوا خامۆش بوو، دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، هۆکارێک ئەوەیە ئەو جۆرەی کە ئێرانییەکان چاوەڕوانییان دەکرد وە بە ئومێدی ئەوەی هاتبوونە سەر شەقام وڵاتانی غەرب چەند ساڵە هاوار دەکات ئەمریکا دژی ئێران و ئیسرائیل دژی ئێران و ئینگلیز دژی ئێران و ئەوانە، بە ڕاستی بە ڕاستی ئەو وەعد و وەعیدانە هەمووی بوو بە پووش، وە زلهێزەکان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەگەڵ ئەو جۆرە وڵاتانەی وەکو ئێران قوربانی سەدەقەسەری منداڵی من و تۆ ناکات، ئەوە هەقیقەتێک بوو کە ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەمریکا دەستبەجێ بێتە سەر خەت، یان ئیسرائیل لە جێگایەکەوە لێیدا، یا وڵاتانی دیکە سوپای پاسداران بخەنە لیستی ڕەشەوەو حەساری لەسەر دابنێن، ئەوە ڕووینەدا، تائێستاشی لەگەڵ بێت تەواوی ڕەوەندی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات هاوار دەکات کە سوپای پاسدارانی بچێتە لیستی تیرۆریستەوە، بەڵام ئەوە ئینگلیز و فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپین هەتاکو ئێستا نەیانکردووە، بۆ نەیانکردووە؟ تا دوێنی دەیانوت ئێران وایە و ئێران غەزەبە و ئێران بەڵایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەی بۆ نایکەن؟، ئێمە باشمان بیر لێ نەکردبووەوە بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز، وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت، لە مەسەلەی وزە و لەمەسەلەی نەوت و گازدا یەکجار یەکجار لە بەرژەوەندی مناڵە فەقیری شارەکانی ئێران گەورەترە بۆیان، وە ئەوان ئەوەی بە قوربانی ئەوەی ناکەن، بۆیە وردە وردە کە دیتییان وڵاتانی غەرب، تەنانەت ئەو شتە سادەیەی کە هەموو کەس ئینتیزاری هەبوو بە یەک ڕۆژ وڵاتانی ئەوروپا بیکەن، هیچ نەبێت سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە هەتا ئەوەشییان نەکرد، وردە وردە خەڵک سارد بۆوە، بەڵام ئەوە بەو مەعنایە نییە کە ئەوە ئاگری بن خۆڵەمێشە، قەدەر قەدەرێک سەر هەڵدەداتەوە، هەر دوور نەڕۆین، ئێرانییەکان جەژنێکییان هەیە بە ناوی چوارشەمەی سور، کە کۆتا چوارشەمەی ساڵە، دیسانەوە سەر شەقامەکانی شارەکانی ئێران دوبارە شلوق بوونەوە، بەناوی چوارشەمە سوری و ئاگر کەوتنەوە، خەڵکێکی زۆر تا بەری بەیانی لەسەر شەقامەکان بوون، ئەمە هەر هەڵدەداتەوە، ئەمە هەر هەڵدەداتەوە.

ڕۆژنیوز: کەواتە ئێستا هەر خامۆش نەبووە؟

“شۆڕشی ژینا هەرگیز خامۆش نابێ و دانامرکێتەوە”

عەلی کەریمی: نەخێر بەدڵنیاییەوە خامۆش نەبووە، بەڵام بەڵێ ساردبۆتەوە، بەڵێ کەمبۆتەوە، لەزۆربەی شارەکان تاڕادەیەکی زۆر دامرکاوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر لە غەرب لە ڕۆژائاوا لە ئەوروپا لە ئەمریکا نائومێدە، بەڵام بە دڵنیایی بە دڵنیایی، لێرەوە من دەیڵێم، ئەوە بە یەکجاری خامۆش نابێت، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ئەو گەنجانەی کە ئەمرۆ سەدا حەفتای گەنجی ئێران، عەشیمەتی ئێران، لەو هەشتا نەوەد ملیۆنە ژێرەوەی پەنجا ساڵە، یانی بە دڵنیایی بە دڵنیایی سەدا شەست و پێنجی ژێرەوەی سی ساڵیشە، یانی گەنجێک هاتۆتە سەر شەقام لەگەڵ ئەو گەنجەی کە ئێمە ساڵی ٧٩ و ٧٨ خەریکی ڕوخانی شا بوین زۆری فەرقە، ئەم فەرقە لەوەیدایە کە ئەوان بە ڕاستی نەترسن، وە ئەوان بە ڕاستی داواکارییان هەیە، داواکارییەکانیشییان زۆر سادەیەو زۆر زۆر داوای ئینسانییە، داوای سیاسی زۆر کەمی تێدایە، داوای ئینسانییە، ئەوان دەیانەوێت هەر وەک گەنجێکی بیست و یەک ساڵە و بیست و دوو ساڵەی ئوستورالیا بژین، ئەمریکا بژین، ئینگلیز بژین، ئەوان داخوازییەکانییان ئەوەیە، ساتێک کە ئێمە خەریکی ڕوخانی شا بوین، داواکارییەکانمان هێندە قورس و هێندە سیاسی بوون بابەکانمان لێمان تێ نەدەگەیشتن، بەڵام ئێستاکە ئەو شۆڕشی ژینایە هەموو عالەم تێیدەگا، بۆ ژیانێکە کە وەک ئینسان وەک هاوڵاتییەکی دەرەجە یەک، وەکو هاوڵاتییەکی بەرابەر بژین، وەکو ئەوە بژین کە هەموو ئازادییەکان هی هەموو عالەمە، هەموو ئازادییەکانی کە گەنجێک لاوێکی ئەمریکا هەیەتی، ئەوەی تاران دەڵێت بۆ من نەمبێت، ئەوەی شیراز دەڵێت بۆ ئەمن نەمبێت، ئەوانە ناتوانن پێشی پێ بگرن، ئەو شۆڕشە موستەحیلە بنیشێتەوە، ئەو شۆڕشە موستەحیلە خامۆش ببێ، وە ئەو شۆڕشە بەردەوام دەبێ، ئەوجا لە هەمووی گرنگتر، لە هەمووی گرنگتر، ئەوەی کە ئەمڕۆکانە دنیا و وە منداڵی ئێرانی وە منداڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕێیتەی ئەوەنییە کە مەلایەک بێ سەرپەرشتی بکا و مەلایەک بێ ڕابەری بکا و مەلایەک بێ سەرۆکی پەرلەمانی بێ و مەلایەک بێ بە حوکمی ئەوەی کە جبەیەکی لەبەردایە بە حکومی ئەوەی کە تۆزێک قژی ڕووتە ئەوەی قبوڵ ناکا، کاکە ئەوە دیتمان قبوڵی نەکرد، خواست و داخوازی ئێمە هەمووی سیاسی و قورس و گران بوون، کە بە ڕاستی بە ڕاستی بابەکانمان لێمان تێ نەدەگەیشتن، بۆیە ئەوڕۆکانە هی ئەوان زۆر سادەیە، یەکجار یەکجار سادەیە، ئەڵێ کاکە ژیان. سێ وشەیەو دەڵێ ژیانم دەوێ. ژیانم دەوێ، ژیانم وەک خەڵکی دیکە دەوێ، هیچی دیکەم ناوێ.

ڕۆژنیوز: وەک باستکرد کەواتە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” هەر بەردەوام دەبێت؟

“دروشمی ژن ژیان ئازادی چۆتە ناو قوڵایی داخوازییەکانی شۆڤێنیستە فارسەکانیشەوە”

عەلی کەریمی: دروشمی ژن ژیان ئازادی، بەڕاستی جێگای لێکۆڵینەوەیە، بە ڕاستی دەبێ زۆر شی بکرێتەوە، دەبێ زۆر زۆر بچێتە ناو خەڵکەوە، چووشە، ئەوەندە سادەیە ئەوەندە سادەیە چۆتە ناو قوڵایی قوڵایی ویست و داخوازییەکانی تەنانەت شۆڤێنیستێکی فارسیش، تەنانەت فاشیستێکی فارسیش، ئەوەتا سەرتەمە تەلەبەکان دەیڵێنەوە، ئەوان کە هەرگیزاو هەرگیز ددانی خێرییان بە ئازادی و بە سیکۆلاریزمدا نەناوە، بەڵام ئەوڕۆکە دەبینی ئەوان دەیڵێنەوە، کوڕەکەی حەمە ڕەزا شا، کە ناوی ڕەزا پەهلەوییە ئەوەتا ئەو دەیڵێتەوە، یانی ئەمە جێگای خۆشحاڵییە، بۆیە من ئومێدم زۆرە، هیوام زۆرە، کە سەرکەوتووبێت.

ڕۆژنیوز: لە خۆپیشاندانەکانى ئێران و ڕۆژهەڵات ڕۆڵ و کاریگەری ژن چۆن دەبینی؟

” ئەمڕۆ ژن ڕابەرایەتى شەقامی ناڕەزایەتیەکان دەکات و قەڵەمەکەى بەدەستە”

عەلی کەریمی: بەڕاستی دەڵێم ئێرانی تازە، ژن هاتە سەر جادە، ئەوە جێگای خۆشییە، ئەوە جێگای دڵخۆشییە کە ئەوڕۆکانە بەشێک لە ڕابەری، بەشێک لە ڕابەری ئەو جوڵانەوەی کە ئەوڕۆ لە تاران لە ئێران بەردەوامە بەڕاستی جێگای زۆر خۆشحاڵییە کە ئەوە ژن ڕابەری دەکا، ژن سەرەقەڵەمەکەی بەدەستە، وە ئەوە جێگای شادییە، ئەوە جێگای خۆشحاڵییە، چونکە ئەو ژنانە کە ئەوڕۆکانە ڕابەری ئەو جوڵانەوە دەکەن هەمووی گەنجن زۆربەیان، زۆربەیان ژینان بە ڕاستی، یانی ژیناکان، هەر لە خودی ژینادا کە وەکو بابەتێک هەیە بەشێوەیەکی فیزیکی، بەڵام ئەوەی کە مەبەستمە بیڵێم ژیناکان زۆرن ئەوڕۆکانە، وە لایەنگرانی ژینا، هاوتەمەنەکانی ژینا ئەوڕۆکانە لەسەر جادە ڕابەری ئەو جوڵانەوانە دەکەن، وە ئەو جوڵانەوە باوەڕکە بە ئاسانی خامۆش نابێ، وە ئاوا بە ئاسانی ناتوانن ئەو گەنجانە لە ژورێ بکەنەوە، وە ئەو گەنجانە ویست و داخوازییان هەیە، ویست و داخوازییەکانیشییان زۆر ئینسانییە، زۆر زۆر سادەیە، وە زۆر زۆر ئاسانە ڕێگای میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی، ئەویش ئەوەیە کە ئەوڕۆکانە دەسەڵاتێک لە ئێران لە دەسەڵاتدایە و حوکمی ئەو گەنجانە دەکا کە لە مستەوای ئەو گەنجانەدا نییە، ئاخر تۆ چۆن دەتوانی ئاغای جەنەتی بهێنی سەرۆکی وەکو یەکێکی وەک ژینا بێت، ئەمانە بە دڵنیایی بە دڵنیایی خامۆش نابێ، وە ئەو گەنجانە هەر سەردەکەون، وە کۆماری ئیسلامی بە ڕەئی من ئیتر دنیا قبوڵی ناکا، لە هەموو جێگایەک کێشەی ناوەتەوە..

ڕۆژ نیوز: دەمانەوێ لەبارەی نەورۆزەوە بۆچوونت بزانین کە پێویستە لەم نەورۆزەدا کە ١٠٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر پەیمانى لۆزاندا کورد چی بکات و چی پەیامێکى هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟

” ئەم نەورۆزە دەبینی لە گۆشە و کەناری ئێراندا دیسانەوە سەرهەڵدان دەست پێ دەکاتەوە”

عەلی کەریمی:نەورۆز هەمیشە و دایم بۆنەیەکە کە بەهاری لەگەڵدا بووە، بۆنەیەکە کە کرانەوەی دەموچاوت لەگەڵە، ئومێد و هیوای لەگەڵە، نەورۆز هەمیشە و دایم وابووە، خەڵک دڵی خۆشە، وە خەڵک ئومێدی زۆرە، بۆیە من پێم وایە لەو نەورۆزەدا خەڵک ئەوەندەی دیکە دڵی خۆش دەبێ، ئەوەندەی دیکە ئیرادەی بەقوەت دەبێ، لەسەر ئەوەی کە خەباتی خۆی بەردەوام بکا، شەڕی خۆی بەردەوام بکا لەگەڵ سەرانی کۆماری ئیسلامی کە هەموو ئێران تازە ئەوڕۆکانە فێربوو، هەر دوێنێ چوارشەمە سورییان کردە دەرفەت لەزۆربەی شارەکان، ئەم چەند ڕۆژە تاڕادەیەکی زۆر خەڵک دیسان خرۆشا، وە بە دڵنیایی بە دڵنیایی نەورۆز، چونکە بەرەو دەشت و دەرو سەحراو ئەوانەیە خۆیان قەتیس ناکەن لە کۆڵانێک لە جادەیەک لە شارێکی بچووک لە گوندێک لە شارۆچکەیەک وە زۆربەی خەڵک دڵی دەکرێتەوە و وە پەل دەبزێوێ وە خۆی دەخاتە ناو دەشت و سەحراو هەوارگەکان و ئەوانە، بۆیە بە ڕەئی من لەو جێگایانەدا مەجال یەکجار زۆرترە بۆ دروشم لێدان بۆ هاتوهاوار بۆ لێکنزیکبوونەوە، وە بۆیە من بە دڵنیایی دەڵێم بە دڵنیایی ئەم نەورۆزە دیسانەکانە دەبینی لە گۆشە و کەناری ئێراندا دیسانەوە سەرهەڵدان دەست پێ دەکاتەوە، وە سەرهەڵدان دەبینین وە ئیعتیرازات دەبینین، بەڵام هەمووی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە چۆن بتوانین دەعمی ئەو جوڵانەوەیە بکەین، خەڵک چۆن بتوانێ کە ئیستیفادە بکا لەو مەوقیعیەتەی کە بۆیان هاتۆتە پێش.

ڕۆژ نیوز: خوێندنەوەى تۆ بۆ هەڵوێست و ئەدای پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانى کورد چییە لەکاتی دەستپێکردنى سەرهەڵدانەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە ئەوان چی بکەن؟

“هەلەکە لە ئێران بۆ کورد ڕەخساوە، بەڵام سەرکردەکانى ڕۆژهەڵات لەئاست چاوەڕوانى شەقام نین”

عەلی کەریمی: یەکێک لە شتە هەرە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە ئەوەبوو کە کورد لە سەرەتاوە زۆر چاکی دەستپێکرد، لە سەرەتاوە پێمان وابوو بە ڕاستی بە ڕاستی هەلەکە بۆ کورد ڕەخساوە، دەیقۆزێتەوە بە چاکی، بەڵام بە داخەوە کە سیاسەت و ژیری و بەرەوپێشچوونی سەرکردایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مستەوای تموحی سەرجادەدا نییە، یانی بە زمانێکی زۆر سادە دەتوانم بڵێم ئەو گەنجانەی کە ئەوڕۆ لە سنە و سەقز و مەهاباد دێنە سەر جادە زۆر زۆر لە سەرکردەکانمان پێشکەوتوترن، زۆر لە سەرکردەکانمان باشتر تێ دەگەن کە چییان دەوێ و چییان ناوێ، بە ڕەئی من سەرکردەکانی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشی هەرەزۆرییان کلاسیکیین وە تەقلیدی بیر دەکەنەوە، نەهاتوون خۆیان بەهۆش بکەنەوە، خۆیان ئەپدەیت بکەنەوە، بێنەوە مستەوای منداڵەکانییان لە شارەکانی سنە و سابڵاغ و کرماشان، بۆیە ئەوە یەکێک لە هەرە خاڵە لاوازەکانی ئێمە بوو لە شۆڕشی ژینادا، کە بەداخەوە بە داخەوە ئەحزابی سیاسی لەبری ئەوەی پێش هەموو شتێ بێن پێکەوە خۆ بەخۆ دوای ئەو هەموو ئەزموون و تەجروبەی باشور و باکور و خودی ڕۆژهەڵاتیش بێن دەستبەجێ بەرەیەکی گەورە دروست بکەن، بەرەیەکی بەرین دروست بکەن، لە خەڵکی نوخبە، لەخۆیان، لە حیزبەکان بەبێ جیاوازی، بەڵام هاتن توشی تەفرەقە بوون، بە داخەوە تا ئێستاش ئەو بەرەیەی کە کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێی دەکەن، ئەو جەبهەیەی کە کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێی دەکەن تا ئێستا هەنگاوییان بۆ نەناوە، بە دڵنیایی پێت دەڵێم بەشێک لە سەرکردەکانی ئێمە چاوییان لەلایەنێکی داگیرکەری کوردستانە، بەشێکییان چاوییان لە نەسیحەت و ئامۆژگاری دوژمنانی کوردە، ئەوەی کە تێی نەگەیشتوون ئەوەیە کە ئێمە بە یەکەوە بە یەکەوە زەحمەتە چۆک دابدەین، بەڵام ئەگەر لێکمان بڵاوکەنەوە زۆر سادە، دوبارە ئەزموونی کوردستانی عێراق دوپات دەکەینەوەو سەوز و زەردو پارتی و یەکێتی.

ڕۆژ نیوز: کەواتە سەرکردەو پارتە سیاسییە کوردییەکان لە ئاستى دۆخی ڕۆژهەڵاتدا نەبوون؟

عەلی کەریمی:نا نەیانتوانیوە، بەوجۆرەی کە دەبوو، دەبوو لە مستەوای تموح و مستەوای هزر و فکر و مەعریفەتی ژیناکاندا نەچوونە پێشێ، لە دەرەوەن لە مێژە بێگانەن، چل و چوار ساڵ وەک ماسییەک لە ئاوەکەی خۆیان بڕاون، وە تێ ناگەن، وە ئەگەر تێش بگەن ئەجێندای دیکە لە پشت سەریاندایە، ئەگەر دوور نەڕۆین لایەنێکی کوردی لەگەڵ کوڕی دیکتاتۆرێکی پەنجا ساڵە، کە باب و باپیرەوە پەنجا ساڵ حوکمی ئێرانییا کرد پەهلەوی، لەو پەنجا ساڵەیدا، مەسەلەن تۆ وەرە تەسەور بکە یەكێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کاخانەی موعینییە، کاخانەی موعینی یەکێک لە ڕابەران و دامەزرێنەرانی کۆمەڵەیە، کاخانە لە زەمانی باپیری ئەو ڕەزا پەهلەوییەی ئەوڕۆکانە بەشێک لە کورد لەگەڵی هەنگاو دەنێن و دەڕواتە پێشێ و فریوی قسە لوسەکانی خواردووە یەکێک لەو کەسانە کاخانەی موعینی قارەمانی زیندان بوو، قارەمانی زیندانی باوکی بوو، قارەمانێک بوو هەموو ئێران دەیناسی، یان مەسەلەن یەكێكی وەکو کاک فواد، یان یەکێکی وەکو کاک یوسفی ئەردەڵان، کە هەموو ئەوانە ڕابەرانی کۆمەڵە بوون، ئەوانە هەموو لە زیندانی بابی ئەو کوڕەیدا دەست و پێ و نینۆک و پەنجە و پێیان هەموو داڕزا، لە ژێر ئەشکەنجەدا، چۆن ئەوڕۆکانە ئەمن بتوانم ئەوە لەبیر خۆم بەرمەوەو پێموابێ ئەو کوڕە، بە شەرتێک ئێستا ٤٤ ساڵە هەڵاتووە، ٤٤ ساڵە ملیارەها دۆلاری هێناوە لەگەڵ دایکی، لە ئەوروپا و لە ئەمریکا و لە لۆس ئەنجلس لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و ژنبازیدا گوزەراندویەتی ئەوڕۆکانە ئەمن بچم پاڵی پێوە بدەم، یا ئەوەتا بچم جێ پێی لەگەڵ دروست بکەم، یا فریوی قسەکانی بخۆم، ئەوە کارەساتە، ئەوە لێرەدایە کورد دەکاتە دووباڵ.

ڕۆژنیوز: کەواتە پارتە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بکەن لەم دۆخەدا؟

“دەبوو ئێمە لە ڕۆژهەڵات چاو لە ئەزموونى براکانمان لە باکورو رۆژئاوای کوردستان بکەین”

عەلی کەریمی: بە ڕەئی من دەبوو ئەوان بێینە سەر ئەزموونی خۆمان، ئەزموونی براکانمان لە باکورو ڕۆژئاوای کوردستان، باشترین تەجروبەیە بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات کە دەتوانین بە ڕاستی لە هەر لایەکییان دەرسێکی لێوەربگرین، ئەوەمان نەکردووە، چوین پاڵمان داوە بە کوڕی محەمەد ڕەزا شای هەڵهاتووی گۆڕبەگۆڕی ئێران، ئەو کوڕە خۆ ڕاستە، شەرت نییە هەرچی باب کردی کوڕیش بیکات یان هەرچی کوڕ کردی بابیش کردبێتی، نا بڕوام بەوەی نییە، بەڵام ئەمن دەڵێم ئەگەر ئەو کوڕە لە ماوەی ٤٤ ساڵدا کە ملیارەها ملیار دۆلاری، هەر ناژمێردرێ ئەوەندەی بردووە، خواردویەتی و دەیگوزەرێنێ، ئەگەر جارێک لە جاران لەو ٤٤ ساڵەیدا، هیچ نەبێت بەخۆی ڕا گەیشتبا، هیچ نەبێ بۆخۆی خاوەنی هزر و مەعریفەت بوایە، بەڵام تاکو ئێستا داوای لێبوردنێکی نەکردووە، ئەگەر هاتبایەو بۆ یەکجار، هاتبایە بۆ یەکجار بیوتایە کاکە ئەمن تەرەفداری باوکم نیم، باوکم هەڵەی زۆر کردووە من داوای لێبوردن دەکەم لە تەرەف بابم و باپیرمەوە.

ڕۆژ نیوز: بەپێی بۆچوونەکەی تۆ بێ پاڵدان لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران هەڵەیەکی گەورەیە بۆ کوردی رۆژهەڵات، بەڵام ئایا بەرەیەک هەیە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی ئێران؟

” ئێمە دەبێت لەگەڵ خۆمان یەکێتی و یەکگرتوویمان بکردایە، نەک کورد لەتکەین”

عەلی کەریمی: ئەوەنییە ئاوهای ڕێخستووەو ئێمەی کوردی دوو لەت کردووە، نا ئەمن دەڵێم ئەوڕۆکانە ئۆپۆزسیۆنێکی ئەوتۆی قایم کە قاچی لەسەر زەوی بێ لە ئێراندا وجودی نییە، ئەوەی کە ئەحزابی سیاسی هەیە لە کوردستانە، بەڵام ئێرانی تا ئێستاکەش حیزبێکی سیاسی ئەوتۆی نییە کە تۆ بڵێی ئەتوانێ وەک ئۆپۆزسیۆن دەچم هاوپەیمانی لەگەڵ دەکەم، تا ئێستا شتی وا نییە، هاتووە جەماعەتێ کوڕی شا بەدەوریەوەیەتی موجاهیدینیش کە بۆ خۆتان دەزانن کە ڕابردووەکەی چییە، موجاهیدینیش هەیە کە هەر دەمەی سەر بە جێگایەکە وڵاتێک پاڵی پێوە دەنێ، بە ڕەئی من ئەوڕۆکانە ئێمە دەبوو لە ئۆپۆزسیۆن و لەوە گەڕێین، لەگەڵ ئەوەی کە هاوئاهەنگی و هەماهەنگی دەکەین لە ئیعتیرازات و شۆڕشی سەر جادەکانی تاران و شیراز و ئەسفەهان، بەڵام بۆ خۆمان لەگەڵ خۆمان لەسەر خۆمان حساب بکردایە، لەگەڵ خۆمان یەکێتیمان بکردایە، نەک ئەوەی کورد لەتکەین لەسەر ئەوەی لایەکم دەچێ لەگەڵ کوڕی شا ڕێکدەکەوێ، ڕێکەوتن لەگەڵ کوڕی شا دوبارە دەستمان دەسوتێ نێوچاوانمان بەر بەرد بکەوێتەوە، هیچ شتێکی کەی تێدا نییە، ئەوڕۆکانە دەبێ ئێمە هەموو هەوڵ و تەقەلامان بۆ ئەوە بێ کە چۆن لەو گوزەرەدا گوزەر بکەین، چۆن ئەوە تێپەڕێنین، تێپەڕین یانی بکەوینە دوای جموری ئیسلامی، دوای کۆماری ئیسلامی.

ڕۆژ نیوز: ئێستا کە نەورۆزە کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەبێ چی بکات و چۆن هەنگاو بنێت؟

“پێویستە لەم نەورۆزەوە ناوماڵی خۆمان لە ڕۆژهەڵات یەک بخەین و بەرەیەک دروست بکەین”

عەلی کەریمی: لە قۆناغی یەکەمدا لەم نەورۆزەدا ئەوەی کە یەکەم شت دێت ئەویش ئەوەیە ناوماڵی خۆمان ڕێکخەین، ناوماڵی خۆمان پتەو بکەین، پێکەوە برایەتییەک بکەین، پێکەوە بەرەیەک دروست بکەین، وە بە ناوی بەرەیەکەوە ڕووبەڕووی دنیا ببینەوە، ڕوبەڕووی ئەوروپا دەبینەوە، ڕوبەڕووی کوڕی شا ببینەوە، ڕوبەڕووی موجاهیدین ببینەوە، بەڵام ئەگەر یەکەم چوو لەگەڵی بوبە هاوپەیمان و لەبەیەکی پێ وتی و ئەوی تر دژی وەستایەوە ئەوە نابێت، تۆ ناتوانی، لەگەڵ هەرکەسێکی یەک دەگری بگرە، بەڵام لەگەڵ مەلای ئەوڕۆی کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ ئاخوندەکان و کوڕی شا نابێت یەک بگرین، ئێمە زۆرمان زەربە دیوە لەو دووانە ئێمە هەموو گیانمان سوتاوە بەدەستی ئەو دووانەوە، چ بە شا، چ بە ئاخوندان، ئەمڕۆ ڕیگای دیکە هەیە، زۆر هێزگەلی زۆر خەڵکی سێکۆلار و خەڵکی بەشەرەف و بەنامووس هەیە لەسەرتاسەری ئێراندا ئەوان بێنین لەگەڵ خۆمان هاوپەیمانییان بین، من ساڵی ٧٩ م لەبیرە، ئەم هەموو حیزب و سازمانەی سەرتاسەری ئێران هاتبوون لە مەهاباد و سنە خۆیان گرتبوونەوە، بۆ ئێمە ناتوانین ئەمڕۆ ئەو ڕۆڵە بگێڕین، ڕۆڵێکی ڕابەری، ڕۆڵێکی کۆکەرەوە، ڕۆڵێک کە ببینە مەرکەزێک بۆ سەرتاسەری شۆڕشی ئێران، ئەوەبوو لە ڕۆژی ئەوەلەوە کە ژینا شەهید بوو، قەرارەکە ئەوەبوو کە ئێمە ئەو ڕۆڵە ببینین، بەڵام بەداخەوە لە نێو خۆماندا لایەک بەرەو موجاهید ڕۆی، لایەک بەرەو کوڕی شا ڕۆی، ئێستا وایان لە من و تۆی کورد کردووە نازانین ڕوو لەولای کورد بکەین یان ڕوو لەملای کورد بکەین، دەعمی کامییان بکەین، دەبینی وردە وردە دەبێت بڵێین دەعمی هیچییان ناکەم و دەچمەوە ماڵ دادەنیشم.

ڕۆژنیوز: باشە ئەمە خەڵک سارد ناکاتەوەو لەو سەرهەڵدانەى کە دەگوزەرێ لە ڕۆژهەڵاتدا؟

” بەداخەوە لەناو ڕیزی کورد دا، یەک بەرەو ئەولای ڕۆیشتووە، یەکێکی تر بەرەو ئەولای ڕۆیشتووە”

عەلی کەریمی: بەڵێ ساردی دەکاتەوە، کاتێک ئەو هەستە بێتە گۆڕێ ئەولاش خراپە و ئەولاش خراپە، من سارد دەکاتەوە، من کێم؟ من گەنجانی سەر جادەم، من خەڵکی سەر جادەم کە نابێ سارد ببمەوە، ئەمە گەورەترین خیانەتە کە ئەوڕۆکانە دەیکەن لەناو ڕیزی کورددا، یەک بەرەو ئەولای ڕۆیشتووە، یەک بەرەو ئەولای ڕۆیشتووە، خراپە، من لێرەوە پێیان دەڵێم دەست هەڵگرن لە پشتیوانی و هاوکاری و هاوڕیزی لەگەڵ کوڕی حەمە ڕەزا شا.

ڕۆژ نیوز: ئێستا کە ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزان کۆتایی دێت، ئێستا هەمان مەترسی دووبارەبوونەوەی پەیمانێکی دیکە هەیە لەسەر کورد؟

عەلی کەریمی: بەدڵنیاییەوە هەیە، ئێمە بە کردەوە لۆژیک  و بە عەقڵی تازە دەتوانین پەیمانى لۆزان سفر بکەینەوەو بۆ ئەبەد ئەو پەیمانە بنێژین، ئەویش بەوەی لەناو خۆمان دا سنورە دەستکردەکان بسڕینەوەو نەیانهێڵین، دەبێت یەک نەتەوەیی و یەکزمانى و یەکنیشتمانى بە کردەوە بیسەلمێنین، ئەوەش بە حەرەکەتی سەرکردەکان و گەنجەکانمان دەبێت، ئەمەی جێی دڵخۆشییە ئەو جوڵەو هێزەیە کە تەڤگەری ئازادیییە لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستی پێکردوە، ئەو حەرەکەتەى لە رۆژئاوای کوردستان کراو باکورو رۆژهەڵات و باشورەوە بە پیریانەوە چوون، ئەو حەرەکەتەی کە چەند ساڵێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردوە، ئەمە هەنگاوێکى زۆر گەورەیە بۆ لەناوبردنى پەیمانى لۆزان، ئێمە بەو جۆرە هاوکاری و دەستگیرۆییە دەتوانین پەیمانی لۆزان بکوژێنینەوە، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەرەکەتێک لە ئارادایە، ئێمە دەتوانین ئەو  ئەزمونە لە ڕۆژهەڵاتیش دووبارە بکەینەوە، بۆ ئەوەى باشەکانى کوردستان لەیەکتر نزیکبکەینەوە.

هـ. ح

 

 

 

 

Comments are closed.