بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكانى عیراق ڕایگەیاند، ئەركی پاراستنی ئاسمانی عێراق لە هەر هێرشێكی وڵاتانی دراوسێ لە ئەستۆی وڵاتەکەمانە، دەشڵێت، وەزارەتی بەرگری لە هەوڵی بەدەستهێنانی دوو سیستەمی ڕاداری پێشكەوتووە، بۆ ئەوەی لە هەریەک لە پارێزگاكانی موسڵ و ئەنبار جێگری بكات.
غەسان غالب غەدار، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەكانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، وەزارەتی بەرگری ئەركی پاراستنی سەروەری وڵاتی لە پێشێلكارییە ئاسمانییەكانی لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە لە ئەستۆدایە.
باسیلەوەشکرد: وەزارەتى بەرگرى وڵاتەکەمان بە مەبەستى بەدەستهێنانی سیستەمی ڕاداری پێشكەوتوو لەگەڵ فەرەنسا و ئەمریكا گفتوگۆ دەکات ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەروەری و ئاسایشی ئاسمانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەم دوو سیستەمە بەدەستبهێنن، یەكەمیان لە پارێزگای موسڵ و دووەمیان لە پارێزگای ئەنبار جێگیر دەكرێت و ئەم دوو سیستمە بۆ دۆزینەوەی هێرشی بەرز و مامناوەند بەكاردێت.
جێگای ئاماژەیە، هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران چەندین جار سنوری زەمینی و ئاسمانی عێراقیان بەزاندوە و هێرشیان كردوەتە سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، كە لە ئەنجامدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون ئەوەش نیگەرانى لایەنەکانى عێراقى بەدواى خۆیدا هێناوە.
ه.ئ
Comments are closed.