نەورۆز و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی ئاوێتەی یەك بوون

ناوەندى هەواڵەکان

سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، مۆری خۆی لە نەورۆزی ئەمساڵدا و یادكردنەوەی ئەو بۆنەیە گۆڕدرا بۆ چالاكی ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات و بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختكردووانی خۆپیشاندانەكانی شەش مانگی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

دوێنێ لە كۆتا ڕۆژی ساڵی كوردی – هەتاویدا، لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاگری نەورۆز كرایەوە و هاوڵاتیان بە ئاهەنگگێڕان، پێشوازیان لەو بۆنەیە كرد و ڕەنگ و دروشمەكانی سەرهەڵدان و یادی گیانبەختكردووان، بەسەر مەراسیمەكانی ئەمساڵی نەورۆزدا زاڵ بوو.

لە شاری سەقز، زێدی ژینا ئەمینی، ئەو كچە كوردەی بەهۆی ئەشكەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تاران گیانی لەدەستدا، بنەماڵەكەی و سەدان كەس لە چالاكوانان و دانیشتوانی شارەكە ڕوویان كردە سەر گڵكۆكەی و بە مەراسیمێكی تایبەت نەورۆزیان پیرۆز كرد و یادی ئەو گیانبەختكردووە و سەرجەم گیانبەختكردووانی سەرهەڵدانەكەیان بەرز ڕاگرت.

لە مەراسیمەكەدا سرودی شۆڕشگێڕی و دروشم دژی دەسەڵات وترانەوە و جەخت لە درێژەدان بە سەرهەڵدانەكە تا گەیشتن بە ئامانجەكانی كرایەوە.

هەر لە شاری سەقز، لە سەر یەكێك لە بەرزاییەكانی ئەو شارە بە ئاگر ناوی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان نوسرابوو.

لە شارەكانی وەك سنە و بۆكانیش دایكانی گیانبەختكردووان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی و شەهید نامرن”، ئاگری نەورۆزیان كردەوە و لە سەرگڵكۆی گیانبەختكردووانیش مەراسیمی یادكردنەوە بەڕێوەچوو.

شەوی ڕابردووش لە شارەكانی وەك سنە، مهاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆكان، سەقز، دێوڵان، كامیاران و چەند ناوچەیەكی دیكە، گەنجان ڕژانە شەقامەكان و بە وتنەوەی دروشمەكانی وەك “ژن، ژیان، ئازادیی و نەمان بۆ داگیركەر” توڕەیی و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات نیشاندا.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوكراونەتەوە، لە بەشێك لە شارەكان بەتایبەتی سنە، دێوڵان، بۆكان و سەقز، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی دەوڵەت و خۆپیشاندەران هاتووەتە ئاراوە و ژمارەیەك خۆپیشاندەر برینداربوون.

ڕ.ڕ

Comments are closed.