ئەمیندارى گشتى ناتۆ: ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرین

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمینداری گشتیی ناتۆ، لە بارەگای ناتۆ لە بەلجیكا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبوەوە و لە كۆبونەوەكەدا هەوڵەكانی عێراق لەبارەى بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری بەرز نرخێندرا و هەروەها، ئەمیندارى ناتۆ ڕایگەیاند، ناتۆ ڕێز لەسەروەری و یەكپارچەیی عێراق دەگرێت.

ناتۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونى خولی سێیەمی ئەنجوومەنی هاریكاری عێراق و ئەوروپا لە برۆكسل جێنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە .

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمینداری ناتۆ هەوڵەكانی عێراقی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ عێراق دەربڕی بۆ پابەندبوونی بە بەهێزكردنی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانییەكە، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە كۆبونەوەكەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كراوە، سەبارەت بە چۆنیەتی پتەوكردنی کارى هاوبەشی نێوان هەردوولا، ئەمیندارى ناتۆ ڕایگەیاند، ناتۆ ڕێز لەسەروەری و یەكپارچەیی عێراق دەگرێت.

جێگەى ئاماژەیە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەوە بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا سەردانی برۆكسلی پایتەختی بەلجیكای بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەی ناتۆ کردووە.

ه.ئ

Comments are closed.