ڕەها زەمانی: ئەگەر ئێمەی ژنان خۆمان بەڕێکخستن بکەین جیهانێکی باشترمان دەبێت

سلێمانی

ئەندامێکی شاندی نێودەوڵەتی ژنان ڕایگەیاند، هەرچەندە سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بۆ کوردەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا بۆ تەواوی ژنانی ئازادیخواز و بزوتنەوەکانیان و تەنانەت مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیهان بووەتە سەرچاوەی ئیلهام، جەختیشیکردەوە، “زۆر گرنگە ژنان پاڵپشتی یەک بین و خۆمان بەرێکخستن بکەین، چوونکە ئەو کاتە کۆمەڵگە و جیهانێکی باشترمان دەبێت”.

ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد –ڕێپاک، شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان، کە لە چەند ژنە چالاکوانێک پێکهاتوون و کار لەسەر پرسی ژنان دەکەن، سەردانی باشووری کوردستانییان کرد، ئامانجی شاندەکە، لێکۆڵینەوەیە لە سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و ئاستی بەرجەستەکردنیی لە هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ژنانی لایەن و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە.

ڕەها زەمانی، یەکێک لە ئەندامانی شاندی نێودەوڵەتی ژنان، کە خەڵکی وڵاتی ئێرانە و نیشتەجێی ئەڵمانیایە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز باسی لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، فەلسەفەی پشتی ئەو دروشم و سەرهەڵدانە، توانا و شۆڕشگێڕی ژنانی کورد، هەروەها ئەرک و بەرپرسیاری ژنان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان لە گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانیان کرد.

ڕەها زەمانی جەختیکردەوە، سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بۆ بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد دەگەڕێتەوە و وتی: لەو کاتەی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە، ئەو دروشمە زۆر بەناوبانگتر بووە و ئەوەش وایکردووە، زۆر کەس بەدواداچوون بکەن بۆ سەرچاوە و فەلسەفەی پشت ئەو دروشمە بکات، ئێستا نەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵکوو لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان ڕوونبووەتەوە، کە ئەو سەرهەڵدان و دروشمە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.

ڕەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەرچەندە فەلسەفەی پشت سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، لە کوردەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ئەو فەلسەفەیە تەنیا بۆ ژنانی کورد نییە، بەڵکوو بۆ تەواوی ژنانی ئازادیخواز و بزوتنەوەکانیان لە سەرتاسەری جیهانە.

هەروەها ڕەها زەمانی سەرنجی بۆ توانای ژنانی کورد ڕاکێشا و وتی: هەرچەندە لە ئاستێکدا نیم باسی توانای ژنانی کورد بکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم، تێکۆشانی ئازادیخوازی ژنانی کورد و ڕۆحیەتی جەنگاوەری و شۆڕشگێڕیان نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە سەرجەم توێژ، پێکهاتە، نەتەوە و ئایینێک سەرچاوەی ئیلهامە و هەمووان دەتوانن، بەپێی کۆمەڵگەکەیان بیکەنە نموونەیەک بۆ خەباتیان لە پێناو ئازادی.

ڕەها لەبارەی ئەرکی ژنان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، وتی: پێویستە بەر لە هەموو شتێک ئێمە خۆمان بە باشی بناسین و متمانەمان بە تواناکانی خۆمان هەبێت، ئەگەر متمانەمان بە توانا و لێهاتووی خۆمان هەبێت، لە هەر شوێنێکی جیهان بین و لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بژین، بەو مەرجەی هاوکاری یەکتر بین و خۆمان بەرێکخستن بکەین، بە دڵنیاییەوە دەتوانین کۆمەڵگە و جیهانێکی باشترمان هەبێت و ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە، کە پاڵپشتی یەک بین و خۆمان بەرێکخستن بکەیەن.

ڕ.ڕ- س.ڕ

Comments are closed.