سەرۆكی ڕووسیا و چین ١٠ ڕێککەوتنى ستراتیژى واژۆ دەكەن

بەپێى كارنامەی دووەم ڕۆژی سەردانەكەی سەرۆكی چین بۆ مۆسكۆ، ئەمڕۆ گفتوگۆی بەرفراوان لەنێوان نوێنەرانی هەردوو وڵات لە كۆشكی كرێملین بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە ١٠ ڕێککەوتنى ستراتیژى هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ بكەن.

بەپێى كارنامەی دووەم ڕۆژی سەردانەكەی سەرۆكی چین بۆ مۆسكۆ، ئەمڕۆ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕووسیا و شی جین پینگ، سەرۆكی چین لە كۆشكی كرێملین گفتوگۆ دەكەن، لەسەر كۆمەڵێك بابەت، كە گرنگترینیان پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانى هەردوو وڵات لە بوارى ئابووری و و قەیرانی ئۆكراین.

ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکى چین و ڕووسیا ١٠ ڕێککەوتنى ستراتیژى هاوبەش واژۆ بكەن، كە دیارترینیان بریتین لە ڕێککەوتنى قووڵكردنەوەی کارى هاوبەش و ستراتیژى و پلانی گەشەپێدان بۆ بوارە سەرەكییەكانی ئابووری .

سەرۆكی چین ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕووسیا گەیشتە مۆسكۆ و بڕیارە تا ڕۆژی چوارشەممە لە ڕووسیا بمێنێتەوە، ئەمەش یەكەم گەشتی شی جین پینگە بۆ دەرەوەی وڵات لەدوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆكی چین.

هـ.ئ

Comments are closed.