مەخەدەشە بەبۆنەی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شنگال بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هیوادارین، کە ئەو جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی، ئارامی و پێکەوەژیانی گەلان لە سەرتاسەری جیهان و شنگال، دەشڵێن، لە ئێستادا زۆر پلانی دوژمن بەسەر شنگالدا جێبەجێ دەکرێت و دەیانەوێت گەلی شنگال لە راستی خۆیانەوە دووربخەنەوە

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شنگال – مەخەدەشە، لە راگەیەندراوێکدا جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد، کۆمەڵگای ئێزدی و هەموو ئازادیخوازان پیرۆز کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە جەژنی نەورۆز لە تەواوی گەلانی ئاری، گەلانی ئازادیخواز و کۆمەڵگای ئێزدیمان پیرۆز دەکەین، هیوادارین، کە ئەو جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی، ئارامی و پێکەوەژیانی گەلان لە سەرتاسەری جیهان و شنگال.

ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک دەزانرێت گەلەکەمان لە شنگال بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال نەورۆزی پیرۆز کرد و پەیامی شنگالێکی ئارام و سەقامگیری دایە هەموو کەس.

دەشڵێن، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەو قوربانیانەی لەم ماوەیەی رابردوودا گەلەکەمان بەخشی، هەروەها بۆ رێزلێنان لە بومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان، ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری بڕیارماندا، کە هیچ ئاهەنگێک ساز نەکەین، بەڵام ئەوە بەو واتایە نایەت، کە گەلەکەمان نەورۆز پیرۆز نەکەن و لە ئێوارەی نەورۆزدا گەلەکەمان لە زۆر شوێن ئاگریان کردەوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

باسلەوەشکراوە، ئەمرۆ دەبینین، کە زۆر پلانی دوژمن بەسەر شنگالدا جێبەجێ دەکرێن و دەیانەوێت گەلی شنگال لە راستی خۆیانەوە دووربخەنەوە و پێویستە گەلەکەمان لە رۆژانی نەورۆزدا خاوەنداری لە رۆژە پیرۆزەکانیان بکەن و رێگە نەدەن پلانەکانی دوژمن بگەنە ئەنجام.

لە کۆتایشدا ئەوەخراوەتەڕوو، چی دەبێت با ببێت بەرخودانمان لە پێناو شنگالی خۆبەڕێوەبەر و ئازاد سەردەکەوێت و هەموو ساڵێک ئاگری نەورۆز لەسەر خاکی پیرۆز بە گیانی بەرخودانی گەریلا لە چیا ئازادەکان بە گوڕتر دەکەین و کولتوری هەزاران ساڵەمان دەپارێزین.

ئ.م

Comments are closed.