قەندیل
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزکردنی نەورۆز ڕایگەیاند، ئێمە لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نەتەوەیی و مرۆیی، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانماندا، ئەمە هەنگاوێک بوو بۆ ئاگربەست، بەڵام دەوڵەتی قڕکەر و داگیرکەر هێرشەکانی چڕترکردەوە بەمەش ئەو دەستپێشخەرییەیان پووچەڵكردەوە.
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز لە قەندیل، پەیامی جەمیل بایک هاوسەرۆکی گشتی کەجەکە، لە ڕێگای داتاشۆوە پێشکەشی ئامادەبوان کرا و کۆمەڵێک پەیامی گرنگی ئاشکرا کرد تێیدا.
سەرەتا وتی: ڕێبەر ئاپۆ بناغەی پەکەکەی لە نەورۆزی ١٩٧٣ دانا، بە ڕۆحی نەورۆزەوە ڕێبەرایەتی و پارتی دروستکرد، بەوهۆیەوە ئێمەش ٥١مین نەورۆزی ڕێبەرایەتی پیرۆز دەکەین، نەورۆزی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تەواوی دنیا پیرۆز دەکەم، هەروەها لە تەواوی ئەو هەڤاڵانەی، کە زینداندا بەرخۆدانی دەکەن، هەموو ئەو هەڤاڵانەشی، کە لە چیا شەڕی دژی داگیرکەری دەکەن، هەموو شۆڕشگێڕانی هەپەگە و یەژاستار، ئەمساڵ بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە خەمگینی و ئێشێکی گەورەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین.
وتیشی: ئێشی ئێمە گەورەیە، بەڵام وەک پەکەکە و گەلی کورد، ئێشەکانمان دەکەین بە تورەیی و قین بەرامبەر بە دوژمنان، ئەمەش دەکەینە هۆکارێک بۆ بەرخۆدان و تێکۆشانێکی مەزن، لە سەروبەندی بوومەلەرزەکەدا ئێمە لە پێناو ئەوەی، کە هەموو کەسێك سەفەربەرببێت بۆ هاوکاری لێقەوماوان، لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نەتەوەیی و مرۆیی، لای خۆمانەوە بڕیارێکماندا، کە چالاکییە سەربازییەکانمان بوەستێنین، بۆ ئەوەی هەموو لایەک هاوکاری زیانلێکەوتووان بکات.
لەبارەی دەستپێشخەری ئاشتییەوە وتی: ئەم بڕیارە بەتەواوی بڕیاریکی ئەخلاقی و ویژدانی و مرۆییە، پێشتریش هەندێ دەوڵەت و هێز داوای ئاگربەستیان لە ئێمە کرد، بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێک ئێمە ئەو بڕیارەمان دەرکرد، هیچکامیان خاوەندارێتییان لەو بڕیارەی ئێمە نەکرد، دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی لە جاران زیاتر کرد، تا ئیستاش هێرشەکانی بەردەوامە، بەم ڕەنگەش دەوڵەتی قڕکەر و داگیرکەری تورک ئەو بڕیارەی ئێمەیان پوچەڵ کردەوە، پێویستە گەلی ئێمە و هەموو لایەکیش ئەم ڕاستییە بزانن.
لە کۆتاییشدا لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا وتی: هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا هەبژاردنێکی ئاسایی نییە، داهاتووی تورکیا و گەلی کورد دیاری دەکات، یان فاشیزم دەسەڵات دەگرێتە دەست و تورکیا دەبێتە بەڵایەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یانیش زەمینە بۆ دیموکراسی خۆش دەکات، بۆیە پێویستە ئاکەپە و مەهەپە لەم هەڵبژاردنەدا بڕووخێندرێت، دەبێت بۆ ئەوەش شەو و ڕۆژ کار و خەبات بکەن، ئاکەپە و مەهەپە بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێننەوە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ قڕکردنی کورد، بۆیە پێشبینی دەکرێت تا هەبژاردن هێرشە داگیرکەرییەکانی چڕبکاتەوە، بۆیە پێویستە ئامادەکاریمان هەبێت بۆ ئەمە
ب.گ
Comments are closed.