تەرمی ئەو نۆ شەڕڤانەی لە دهۆك شەهیدبوون گەیشتە شاری حەسەكە

قەسەدە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی ئەو نۆ شەڕڤانەی لە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەر لە باشووری كوردستان شەهیدبوون، گەیشتە شاری حەسەكە و سبەینێ تەرمی هەر نۆ شەهیدەكە بەخاكدەسپێردرێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-قەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ تەرمی ئەو نۆ شەڕڤانەی لە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەر لە باشووری كوردستان شەهیدبوون، گەیشتە شاری حەسەكە .

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای چەندین پەیوەندی، هێزەكانمان توانیان تەرمی نۆ شەڕڤانی یەكینەكانی دژە تیرۆر -یات وەربگرن، كە لە باشووری كوردستان لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی دوو هێلیكۆپتەر شەهیدبوون.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا، تیمێكی هێزەكانمان بە هاوكاری ئەندامانی فەرماندەیی گشتی تەرمی شەهیدانیان گەیاندە شاری حەسەكە.

قەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەی چوارشەممە ٢٢ی ئادار، هێزەكانمان بە مەراسیمێك تەرمی ئەو نۆ شەهیدە بەخاكدەسپێرن، مەراسیمەكە كاتژمێر ١١.٠٠ بە گردبوونەوەی خەڵك لە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید ساریا دەست پێدەكات، دواتر تەرمی شەهیدان لەسەر شان دەگوازرێنەوە بۆ یاریگای سەردەم و لەوێ درێژە بە مەراسیمەكە دەدرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا داوا كراوە، “وەك وەفایەك بۆ ئەو شەهیدانە، بە ڕۆحی نەتەوەیی و سەرهەڵدان هاوڵاتیان بەشداری لە مەراسیمی پرسەكەیان بكەن”.

ڕ.ڕ

Comments are closed.