شەڕڤانانی یەژەشە و یەبەشە لە چیای شنگال نەورۆزیان پیرۆز كرد

شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە، لە چیای شنگال بە كردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشمی “بێ سەرۆك ژیان نابێت”، جەژنی نەورۆزیان پیرۆز كرد و ڕایانگەیاند، تێكۆشان لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەكەن.

دوێنێ خۆبەڕێوەبەری شنگال ڕایگەیاند، بە هۆی هێرشەكان و بوومەلەرزەكەی سەرەتای مانگی ڕابردوو، لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمساڵ بە فەرمی ئاهەنگی نەورۆز ساز ناكەن، دواتر هاوڵاتیان لە بەردەم ماڵەكانیان بە كردنەوەی ئاگر، جەژنی نەورۆزیان پیرۆز كرد.

شەوی ڕابردووش، شەڕڤانانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال – یەبەشە و یەكینەكانی ژنانی شنگال –یەژەشە، ئاگریان لەسەر چیای شنگال كردەوە و بە دروشمی “بێ سەرۆك ژیان نابێت”، جەژنی نەورۆزیان پیرۆز كرد.

دەستان ئێزدیخان، شەڕڤانی یەژەشە، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، بۆ ڕۆژنیوز وتی: سەرەڕای تێچووی زۆر، گەلی كورد لە هەموو شوێنێك ساڵانە بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دەگێڕن، ئێمە بە هیوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئاگری نەورۆز دەكەینەوە و هیوادارین لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە چیای شنگال بەمشێوەیە ئاگری نەورۆز بكەینەوە.

لای خۆیەوە خەبات دەرسیم، شەڕڤانی یەبەشە وتی: پێش هەموو شتێك پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ و گەلی نیشتمانپەروەر و سەرجەم ئەو هاوڕێیانەی لە زیندانەكاندان دەكەم، ئێمە تا كۆتایی لە تێكۆشانمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبین.

ڕ.ڕ

Comments are closed.