ژمارەی ئاوارە و كامپەكان لە عێراق ئاشكرا كرا
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەو كامپانەی، كە ماونەتەوە نزیكەی ٢٩ كامپە، كە زیاتر لە ٤٠هەزار خێزانی ئاوارەیان تێدایە، دەشڵێت، زیاتر لە ملیۆنێك خێزانی ئاوارە ناو شارەكاندا هەیە و لەماوەی شەش مانگدا كاردەكەین بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدى خۆیان.
ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، پابەندین بە بەرنامەی حكومەتەوە و كاردەكەین بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەكان لەماوەی شەش مانگدا، وەك وەزارەتەکەشمان هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، هانی گەڕانەوەى ئاوارەکان دەدەین بۆ زێدى خۆیان ئەوەش لە پێناو كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون، بەڵام پێویستمان بە پاڵپشتی هەموو دامەزراوەكانی حكومەت هەیە، لە ئاوەدانكردنەوەی ماڵ و خانووە ڕووخاوەكانی ئاوارەكان، لەگەڵ كاركردن بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش لە ناوچەكانیان و دابینكردنی هەموو خزمەتگوزارییەك.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر ئەم كێشانە چارەسەر نەكرێن، وەزارەتەکەمان ناتوانێت یەك خێزان بگەڕێنێتەوە، بەو پێیەی ئێمە پشت بە ئامرازەكانی خۆى دەبەستێت بۆ گەڕاندنەوەی خێزانەكان بە هاوكاری لەگەڵ باقی دامەزراوەكانی دیكە.
ئیڤان فایەق دەشڵێت، نزیكەی ٢٩ كەمپیان هەیە، كە زیاتر لە ٤٠ هەزار خێزانی ئاوارەی تێدیە، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك خێزانی ئاوارە لە شارەكاندا نیشتەجێن.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی ئاوارەكانی كامپی عامرێیان لە فەلوجە كردوە، هەروەها باری تەندروستی ئاوارەكانیان بینیوە زۆر بەرەو خراپ دەڕوات دۆخیان، بۆیە پێویستمان بە ئیرادەی ڕاستەقینەی هێزە سیاسییەكانە بۆ گەڕانەوەی ئاوەرەكان بۆ ناوچە ڕەسەنەكانی خۆیان.
هـ.ئ
Comments are closed.