ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی دەربارەی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم و عێراق بڵاوکردەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان بڵاوکردووتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان دادگا و هێزە ئەمنییەکانی لە ژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەکاندان، هەروەها دۆخی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین لە ئاستێکی خراپدایە.

دوێنێ دووشەممە ٢٠ی ئادار، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە، لەبارەی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوشێوەی ڕاپۆرتەكانی پێشوو باس لە حزبیبوونی هێزە ئەمنییەکان، دادگاکان و پێشێلكردنی یاسا دەكات، بەشێوەیەک، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەستبەسەر دەکەن، حکومەتیش نەیتوانیوە ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی سزا بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی لەسەر ڕەوشی زیندانیان لە عێراق و هەرێم و مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵیاندا بەهەند وەرگرتووە و تێیدا هاتووە: ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا باس لەوە کراوە دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیس، چەندین جۆری نامرۆڤانەی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک بتوانێت لێپرسینەوەیان لێبکات.

لەبارەی دۆخی ناو زیندان و چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کە ئەو ناوەندانە بەهۆی گرفتی درێژخایەنەوە گیرۆدەبوون، هەر لە زۆریی ژمارەی زیندانیان و دەستبەسەرکراوانەوە تا نەبوونی ئاو و ئاوەڕۆی گونجاو و پێویست و پاکوخاوێنی و بەکارهێنانی ئەشکەنجە، هەروەها ئەو سێ ناوەندەی کە تایبەتن بە ژنان بەتەواوی ژێرخانەکەی وێران بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتداران لە چەندین حاڵەتدا سەردانی خێزانەکانیان بۆ دەستگیرکراوان و سزادراوان ڕەتکردووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە گوایە پاسەوانەکان داوای بەرتیلیان لە زیندانییەکان کردووە یان ئەشکەنجەیان داون کاتێک داوای پەیوەندیکردن بە کەسوکارەکانیانەوە یان پارێزەرەکانیان کردووە.

دووبارە کەیسی زیندانیانی بادینانی بەنمونە هێناوەتەوە بۆ ئەوەی، لە هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەکان و بە تۆمەتی هەڵبەستراو، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی دەستگیر دەکات، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زیندانەکاندا دەیانهێڵێتەوە، هەندێک جاریش ڕێگەنادەن ئەو کەسانە پارێزەر و دادوەر ببینن و حکومی زیندانیکردن دەدەنە پاڵیان.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، لەکاتی دەرچوونی فەرمانی ئازادکردنی زیندانیانیشدا بەمەست ڕێکارەکان پشتگوێ دەخەن تاکو ماوەیەکی زیاتر لە زینداندا بیانهێڵنەوە،هەروەها ئاماژە بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کراوە، کە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاویکردووەتەوە سیستمی دادگا و دادپەروەری هەرێمی کوردستانی بە ڕەمزیی وەسفکردووە.

لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین ڕاپۆرتەكە جەختدەكاتەوە لەوەی، لە هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان دەتوانن ڕا و ڕەخنەی خۆیان لە شێوازی حکومڕانی دەسەڵاتداران بگرن، بەڵام دەبێت ئامادەی کاردانەوەی دەسەڵاتداران و بەرپرسەکان بن، تادەگاتە گرتن و زیندانی کردن و لێدان و کوشتنیش.

باسی لە کاری میدیایی کردووە و ڕوونی کردووەتەوە، میدیا ناوخۆییەکان تا ئەو کاتە ڕێگەپێدراون، کە گوزارشت لە بۆچوونی ئەو سیاسییانە بکات، کە لە پشتیانەوەن، ئەو ڕاگەیاندنانەی، کە ناوی سەربەخۆیان خستووەتە پاڵ خۆیان، خۆیان دەپارێزن لە باسکردنی گەندەڵی و ڕەخنەگرتنی ڕاستەوخۆ لە بەرپرسەکان، پارتە سیاسییەکان بەتەواوی دەستیان گرتووە بەسەر هەموو جۆرەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییەکان، ڕێگەنادەن ڕۆژنامەنووسان دەستیان بگات بە زانیاریی و داتاکانی هیچ وەزارەت و دام ودەزگاکانی حکومەت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسان و  چالاکوانان بەردەوام بەرەوڕووی هەڕەشە و توندوتیژیی و گرتن و لێدان دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای گەندەڵی و خراپییەکانی دەسەڵاتەوەن.

پرسی خۆپیشاندان، كە مافێكی سەرەتایی هەموو هاوڵاتییەكە لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە و دەسەڵاتی هەرێمی بەوە تۆمەتباركردووە، كە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەیاسا کۆنترۆڵکردووە.

لەبارەی دۆخی ژنانەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە بەپشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان ڕوو لەزیادبوونە، تا ئێستا خەتەنەکردنی کچان و بەشوودانی منداڵ بەردەوامی هەیە، لە هەندێک ناوچەش بێ بەشکردنی لە خوێندن و کارکردن گرفتێکی سەرەکی و پێشێلکردنێکی دیارە بەرامبەر ژنان.

هەروەها ئەو یاسایانەی خستووەتەڕوو، کە ڕەوایەتیی بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەدات، بەتایبەت مادەی ٤٠٩ی یاسای ژمارەی ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ لە یاساکانی سزادانی عێراقی، باس لەوەش کراوە، کە ساڵانە بە سەدان ژن بەبیانوی شەرەف لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکوژرێن و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا وەک خۆکوژیی نیشان دەدرێت، جگە لەوەی لەڕێگەی سوڵحی عەشایەری و پارەشەوە کوشتنی ژنان دەشاردرێنەوە.

باس لەوەکراوە، بەپێی بڵاوکراوەیەکی “ئەنجومەنی باڵای خانمان”  ٪٦٦ی ژنانی هەرێمی کوردستان سڵ دەکەنەوە لەوەی لە کەرتی تایبەتدا کاربکەن، بەهۆی هەراسانکردن و دەستدرێژی.

ش. ئـ

Comments are closed.