دکتۆر کانی عەلی دەڵێت: وەک هەموو بەشەکانی جەستە لەگەڵ گەورەبونی تەمەن چەند گۆڕانکاریەک بەسەر چاودا دێت، کە هەندێکیان ئاساییە و جێگەی مەترسی نین، بەڵام هەندێکیان نەخۆشیە و مەترسی بۆ سەر چاوەکانمان هەیە، دەشڵێت، ئەوانەى نەخۆشین بریتین لە بوونى ئاوى ڕەش و سپى و وشکى چاو.
دکتۆر کانی عەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو، لە نوسینێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گۆڕانکاریانە دەکات، کە بەسەر چاودا دێت لەگەڵ گەورەبونی تەمەندا و دەقى نوسینەکەشى بەمجۆرەیە:-
هەروەک هەموو بەشەکانی جەستە لەگەڵ گەورەبونی تەمەن چەند گۆڕانکاریەک بەسەر چاودا دێت، کە هەندێکیان ئاساییە و جێگەی مەترسی نین، بەڵام هەندێکیان نەخۆشیە و مەترسی بۆ سەر چاوەکانمان هەیە بۆیە گرنگە زانیاریمان هەبێت بۆ زوو دەست نیشانکردنی.
گۆڕانکارییە ئاساییەکان ئەمانەن:-
یەکەم- ناڕەحەتی لە بینینی ئەو شتانەی لە چاووە نزیکە وەک خوێندنەوە، بەکارهێنانی ئامێرە نزیکەکان ئەم حاڵەتە لە تەمەنی ٤۰ ساڵییەوە دەست پێ ئەکات.
دووەم- کەم بونەوەی هەستیاری بۆ جیاکردنەوەی ئەو ڕەنگانەی نزیکن لە یەکەوە بۆ نمونە ڕەنگی شین لە ڕەش.
ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە بەکارهێنانی چاویلکەی نزیک و ڕوناکی زیاتر لەکاتی خوێندنەوە.
ئەو گۆڕانکاریانەی نەخۆشین چین؟
یەکەم- ئاوی سپی
دووەم- تەنکبونەوەی تۆڕەی چاو
سێیەم- گۆڕانکاری تۆڕەی چاو بەهۆی شەکرە و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن
چوارەم- وشکی چاو
پێنجەم- ئاوی ڕەش
زۆربەی ئەم نەخۆشیانە لە سەرەتادا نیشانەیەکی ئەوتۆی نیە، هەتا ئەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بۆیە گرنگە لە سەرو ٥۰ ساڵیدا هەموو کەس ساڵانە پشکنین بۆ چاوەکانی بکات .
ئەم نەخۆشیانە دەتوانرێت ڕێگری یاخود دوابخرێت بە گۆڕینی شێوازی ژیانمان وەک:-
یەکەم- وازهێنان لە جگەرە کێشان
دووەم- کێشی تەندروست
سێیەم- وەرزش کردن
چوارەم- کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و پەستانی خوێن
پێنجەم- خواردنی خۆراکە تەندروستەکان و کەم کردنەوەی سوێری و چەوری و زۆر خواردنی سەوزە و میوە، بە تایبەتی ئەو ڕووەکانەی گەڵای سەوزیان هەیە وەک سپیناخ ،برۆکلی و هەروەها خواردنى گێزەر و ماسى.
شەشەم- پاراستنی چاو لە تیشکە زیانبەخشەکانی هەتاو، بە بەکارهێنانی چاویلکەی بەرهەتاو.
ئ.م
Comments are closed.