سودانی: عێراق دەبێتە پردى بە یەک گەیاندنى وڵاتانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆكی دەوڵەتى تورک ڕایگەیاند، پرۆژەى گەشەپێدانی نێوان عێراق و توركیا، بەهۆى دروستکردنى هێڵى شەمەندەفەر دەبێتە هۆى بە یەک گەیاندنى وڵاتانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، دەشڵێت، تورکیا بریاریداوە بۆ ماوەى مانگێگ پشکى ئاوى زیاتر بۆ وڵاتەکەمان بەربداتەوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانى عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری دەوڵەتى تورک لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، پەیوەندی دوو قووڵی هاوبەش عێراق بە توركیاوە دەبەستێتەوە و لەو چوارچێوەشدا پرۆژەى گەشەپێدانی نێوان عێراق و توركیا، بەهۆى دروستکردنى هێڵى شەمەندەفەر دەبێتە هۆى بە یەک گەیاندنى وڵاتانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا .

ئاماژەی بەوەشكرد، گفتوگۆی بنیاتنەرمان لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا ئەنجامدا و تیشكمان خستە سەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان بەتایبەتی لە بوارى پەیوەندییە ئابوورییەكان .

سودانی باسی لەوەشكرد، بانگهێشتی وڵاتانی دراوسێیان بۆ بەغدا كردووە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كردنەوە پڕۆژەی ڕێڕەوی گەشەپێدان، لە هەمانكاتدا عێراق سامانێكی زۆری غازی هەیە و دەتوانێت لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا هەناردەی بكات.

سودانی لە درێژەی قسەكانیدا وتی، ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان كۆدەبینەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو ئاستەنگانەی، كە ڕێگری لە كارەكانیان دەكات و دەسەڵاتمان داوە بە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بۆ ئاسانكاری لەبارەى پێدانی ڤیزە بە بازرگانانی توركیا بەبێ دواكەوتن.

ڕوونیشیكردەوە، ڕێنماییەكانی ئەردۆغان سەبارەت بە زیادكردنی بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە بۆ بۆ عێراق و بۆ ماوەی مانگێك بەرز دەنرخێنم .

جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەت گەیشتە توركیا و لەگەڵ بەرپرسان و سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوەوە و سەبارەت بە كێشە هاوبەشەكانی نێوانیان گفتوگۆیان كرد، بڕیارە ئەمڕۆش چەند كۆبونەوەیەكی دیكە لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكاندا ئەنجام بدات.

هـ.ئ

Comments are closed.