ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان لەسەر گڵكۆكەی یادی كرایەوە

لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی، ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان لە شنگال، لەسەر گڵكۆكەی بەبیرهێنرایەوە و لەسەر مەزارەكەی ڕاگەیەندرا، نوژیان بوو بە دەنگی ژنانی ئێزدی.

ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠١٧، لە ئەنجامی هێرشێكی چەتەكانی ڕۆژی سەر بە پەدەكە، لەسەر ڕێگەی نێوان سنۆنێ بۆ خانەسۆر، ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان بەسەختی بریندار بوو و پاش ١٩ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ڕۆژی ٢٢ی ئادار شەهید بوو.

ئەمڕۆ لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی، لە شنگال ژنە ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان، لەسەر گڵكۆكەی یادی كرایەوە.

لەسەر گڵكۆی ئەو شەهیدە هەریەك لە هێڤی و نوژین ئێزدی، ڕاگەیەندراوی “ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزیدخان”یان خوێندەوە، كە تێیدا هاتووە، لە كەسایەتی شەهید نوژیان سەرجەم ژنانی ڕۆژنامەنووس بەبیردەهێنینەوە، كە لەسەر بنەمای “با ڕاستی لە نێو تاریكیدا نەمێنێتەوە” تێكۆشانیان كرد و بە دوای ڕاستیدا چوون.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەك دەزانرێت لە ساڵی ٢٠١٤، كاتێك چەتەكانی داعش هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر شنگال ئەنجامدا، هاوڕێ نوژیان ئازایانە چووە شنگال، ئەو ڕاستی و دڕندەییەی، كە لە شنگال ڕوویدەدا، ویستی بۆ ڕایگشتی بگوازێتەوە و بیكاتە بەشێك لە مێژوو، ویستی بەشێك بێت لەو ئازار و بەرخۆدانانە و هەوڵیدا ڕاستی ژنانی ئێزدی بگوازێتەوە و ژیانێكی نوێ لە شەنگال بنیات بنێت، وردە وردە ژیانی خۆی لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای ڕاستی و ئازادیدا بنیات نا، هەر ساتێك، كە لە سەنگەرەكانی شەڕ لە شنگال لەگەڵ پارێزوانانی شنگال بە كامێراكەی بەشدار دەبوو، دیمەن و چیرۆكەكانی بۆ ڕایگشتی بڵاودەكردەوە، هەموو ساتەكانی ژیانی بە كامێراكەیەوە لە ناو خەڵكدا بوو، نوژیان بوو بە دەنگی شنگال و بە كامێرا و وێنەكانی بوو بە هیوای ژیانێكی ئازاد بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هاوڕێ نوژیان لە لایەك باسی ئەو خیانەتەی كرد، كە لە شنگال كرا، لە لایەكی تریشەوە باسی بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادی و ژنانی ئێزدی كرد و لە دڵیدا هیوای ژنان و مرۆڤایەتی ئازادیخوازی هەڵگرتبوو، بە بەرپرسیارێتی بەدیهێنانی ئەو هیوایەش خەباتی كرد.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠١٧ پەدەكە، بە هاوكاری دەوڵەتی تورك، هەوڵیدا جارێكی دیكە خیانەت بكات، بۆ ئەوەش هێرشیان كردە سەر شارەدێی خانەسۆر، لە بەرامبەردا گەلی شنگال، ژنانی ئێزدی و شەڕڤانان بە هەڵوێستێكی بەهێزەوە لە دژی ئەو هێرشە داگیركارییە وەستانەوە، ڕۆژنامەنووس نوژیان لەگەڵ پێكهاتەی ئێزدی، هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەی لە دژی هێرشەكانی پەدەكە و بەكرێگیراوەكانی گرتەبەر و بەهۆی ئەو هەڵوێستە شكۆمەندانەیشی، بە ئەنقەست لەلایەن هێزەكانی پەدەكەوە، كرایە ئامانج و لە ڕۆژی ٢٢ی ئاداردا، گەیشتە پلەی شەهیدبوون.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەك ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی لە شنگال، بە ئیرادەیەكی زۆرەوە لەسەر میراتی شەهید نوژیان بەردەوامین و بە ناسنامە و هێڵی ڕاگەیاندنی ژنی ئازاد، بە ئیرادە و خۆڕاگری كەسایەتییە پێشەنگەكانی وەك ڕۆژنامەنووس نوژیان، لە شنگال بەرەوپێش براو و بەرێكخستن كرا، وەك چۆن هاوڕێ نوژیان، دەستی بە تێكۆشانی ڕاستی كرد و ڕاستی ئێستا هەرگیز لە تاریكیدا نامێنێتەوە، ئەمڕۆش لەسەر ئەو میراتە و لەسەر ڕێگای ئەو ڕاستیە دەڕۆین، كە هاوڕێ نوژیان فێری كردین و بە ڕۆح و تێكۆشانی، ڕاستی ژنانی ئێزدی بە ڕایگشتی جیهان دەگەیەنین، هاوڕێ نوژیان مامۆستای ژیانە بۆ ئێمە لە هەموو ساتێكی ژیاندا.

ڕ.ڕ

Comments are closed.