ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو و هۆڕەكان لە پەرلەمانى عێراق بڵاویكردەوە، بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە بۆ ماوەیەكی كاتی لە خوار ئاستی داواكاری و پێویستی عێراقەوەیە، دەشڵێت، توركیا بە مەرج پشكی ئاوی عێراق بەردەداتەوە.
ڕەفیق ساڵحی، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو و هۆڕەكان لە پەرلەمانى عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، هەر لەسەرەتاوە گەشبین بووین بە سەردانەكەی سودانی بۆ توركیا، بەتایبەتی، كە لە بەرنامەی سەردانەكەیدا دۆسێیەى ئاوی لەخۆ گرتبوو، هەروەها بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لەلایەن توركیاوە بۆ ماوەی مانگێك كارێكی باشە، بەڵام لە ئاستی داواكاری عێراق نیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاری بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە مەرجدار بوو، مەرجی توركیا ئەوە بووە، كە عێراق ڕێگە نەدات لە خاكەكەیەوە مەترسی بۆ سەر توركیا دروست ببێت.
ڕەفیق ساڵحی ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق دەیەوێت توركیا پابەندی ئەو پەیماننامە و میساقە نێودەوڵەتیانە بێت، كە پەیوەندییان بە وڵاتانەوە هەیە، بەتایبەت پابەندبوونی توركیا بە دابینكردنی پشكی ئاو بۆ عێراق.
جێگای ئاماژەیە، ماوەى چەند ساڵێكە بەهۆی كەمی ڕێژەی بارانبارینەوە عێراق بەدەست قەیرانی ئاو و وشكەساڵی دەناڵێنێت، لەهەمان كاتدا توركیا پشكی ئاوی عێراقی گرتووەتەوە، ئەمەش كاریگەرییەكانی قەیرانی ئاوی زیاتر كردوە لەعێراق و بوەتە هۆی چۆڵبوونی بەشێك لە هۆڕە باشوری وڵات.
هـ.ئ
Comments are closed.