چۆن بتوانین لەکاتی بە ڕۆژووبووندا باشترین خۆراکی تەندروست بخۆین ؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر پروشە شوان دەڵێت، ڕۆژوو گرتن لە ڕووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ و ڕۆژووگرتن دەکرێت بۆ هەندێک کەس ببێتە چارەسەر بۆ هەندێک گرفتی تەندروستی، دەشڵێت، گرنگە ڕۆژوانان بە سێ دەنک خورما بەربانگ بکەنەوە و خۆیان خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنى ئاوى سەهۆڵاو، چونکە زیانى هەیە.

دکتۆر پروشە شوان، پزیشکی پسپۆڕی خۆراك و کێش لە نوسینێکدا ئاماژەبەوەدەکات چۆن بتوانین لەکاتی بەڕۆژووبووندا باشترین خۆراکی تەندروست بخۆین، دە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

ڕۆژوو گرتن لە ڕووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ، بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەو کێشە تەندروستییانەی کەسەکە هەیەتی و ئامانجی کەسەکە چییە لە ڕووی تەندروستییەوە.

ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزان، جگە لە ئەرکە ئایینیەکەی، دەکرێت بۆ هەندێک کەس ببێتە چارەسەر بۆ هەندێک گرفتی تەندروستی، بەو مەرجەی بزانین کەی و چۆن و چی بخۆین.

بە گشتی خواردنی ڕۆژێکی بە ڕۆژووبوون دەکرێت بەچوار بەشەوە.

بەشی یەکەم – کاتی بەربانگ: کەسەکە دەبێت( ١ بۆ ٣) دەنک خورما لەگەڵ یەک پەرداخ ئاو ( سەهۆڵاو نەبێت، چونکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەرس) ڕۆژووەکەی کۆتا پێبهێنێت.

هەروەها لەم ژەمەدا دەتوانێت شۆربایەک بە خواستی خۆی بخوات ( بۆ چالاککردنی هەرس و قەرەبووکردنەوەی وشکبونەوەی جەستە)، پاشان( ١٥-٢٠) خولەکێک بەسەربەرێت بە ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیەکانی تاکو بەشی دووەم.

بەشی دووەم – خواردنی ژەمی سەرەکی، کە ئامادەکراوە هەمەجۆر بێت لە سەوزەوات و کاربۆهیدرات ( برنج، قەرەخەرمان، ساوەر یان نان) و پرۆتین (هەموو جۆرەکانی گۆشت)( باشترە بە قاپێک زەڵاتە دەست پێبکەیت.

بەشی سێیەم – سووکە ژەمێک میوەکان یاخوود چەرەس.

بەشی چوارەم – ژەمی پارشێو: (کە زۆر گرنگە و نابێت تەرک بکرێت) لە شێوازی ژەمی بەیانیان بێت ( هێلکەی کوڵاو، ماست، گوێز و بادەم، پەنیری کەم چەوری و کەم خوێ)، لەگەڵ میوەیەک و بڕێک سەوزەوات.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە ئەو بڕە ئاوەی، کە مرۆڤ لە بەربانگ تاکو پارشێو دەیخواتەوە نابێت لە (٨) پەرداخ کەمتر بێت، کە یەکسانە بە لانیکەم دوو لیتر.

ئامۆژگاریمان ئەوەیە، ڕۆژووانان، خۆیان بە دووربگرن لە زیادڕەووی کردن لە خواردنی ئەو خۆراکانەی، کە بڕێکی زۆر خوێ و بەهاراتیان تێدایە، خواردنی سورەوکراو، هەروەها ترشیات و خواردنە قوتووەکان، چونکە پێویستی جەستە بە ئاو و هەستی تینوێتی و هیلاکی ڕۆژووان زیاد دەکەن.

هەروەها تا بتوانرێت خواردنی شیرینی و خواردنەوە گازییە و شەربەتە دەستکردەکان کەم بکرێتەوە باشە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کێشەی کێشی زیاد یان کێشەی هەرسیان هەیە و کەسانی توشبوو بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشیە درێژخایەنەکان.

ئ.م

Comments are closed.