جارێکی دیکە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینى لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵی خۆپیشاندان و بایکۆتکردنی کار لەلایەن فەرمانبەران و کرێکارانەوە دەستیپێکردەوە و تائێستاش درەبرێنى ناڕەزایەتیەکان بەردەوامە .
سەندیکاکانی فەرمانبەران و کرێکاران لە فەرەنسا بۆ جاری نۆیەمین لەدوای مانگی ١ی ئەمساڵەوە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینى دەستیان بە مانگرتن کرد.
میدیاکانى فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندانی فەرمانبەران و کرێکاران و لە هەندێک ناوچە خوێندکارانیش ڕژاونەتە شەقام و دژی بریاری بەرزکردنەوەى تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵی بەردەوامە و بەهۆیەوە بەشێک لە فەرمانبەران بایکۆتی کارکردنیان ڕاگەیاند.
دەشڵێن، خۆپێشاندانەکانی فەرەنسا کاریگەری گەورەیان لەسەر چەندین کەرتی گرنگی وزە و گەشتیاری ئەو وڵاتە دروستکردووە و چەندین سێکتەری گرنگی ژیان لە فەرەنسا پەکخستووە.
ئاماژەبەوەشکراوە، خۆپیشندانەکان کاریگەرییان لەسەر بەشێك لە وێستگەکانی سوتەمەنی، کۆگاکانی نەوت، بەندەر، ڕێگاوبانەکان، هێڵێ ئاسمانی، کەرتی غاز و زانکۆکان هەبووە لەسەر ئاستی نیشتیمانیش زۆربەی بەنزیخانەکان بایکۆتی کارکردنیان ڕاگەیاندووە.
باسلەوەشکراوە، چالاکوانانی ئەو وڵاتە لەسەر ڕێگا سەرەکیەکان بە سوتاندنی پالێت و تایەی ئۆتۆمبێل و درێژەیان بە ناڕەزایەتیەکانیان داوە و لەهەندێک ناوچەش خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکان بەتەواوی ڕاگیراون بەتایبەت لە شارەکانی باشوری فەرەنسا وەک شارەکانی (تۆلزۆ ، مۆنپیلیە و نیمس) بەمەش کۆمپانیای نیشتیمانی هێڵێ ئاسنی SNCF بەهۆی مانگرتنەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە کە ٣٥% ى کرێکارەکانی بایکۆتی کارەکانیان کردووە، هەروەها خزمەتگوزاریەکانی دیکەی هاتوچۆکردن وەک میترۆ و پاسەکان بە تەواوی پەکخراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، خوێندکارانیش بەشێکی گرنگی ناڕەزایەتیەکانی فەرەنسایان پێکهێناوە، کە بەهۆیەوە زۆرێک لە زانکۆکانی شارەکانی لیۆن، پاریس، سانت ئیتیان، ڕۆباکس، تۆلۆز و چەندین شاری دیکە لەلایەن خوێندکارانەوە بایکۆت کران .
ب.ئ
Comments are closed.