ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زەنگی مەترسی لێدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردەوە، مەترسی توشبوون و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ئاستی جیهاندا ڕێژەیەکی بەرزی هەیە و لە ئێستاشدا حاڵەتەکانی توشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و فراوانی جوگرافیاکەی زیادیکردووە، دەشڵێن، بەپێی بارودۆخی ئێستا، مەترسییەکانى کۆلێرا لە ئاستێکی بەرزدایە و وڵاتانى ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆرترین زیانى کۆلیرایان بەرکەوتووە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردەوە، توانای گشتی سەبارەت بە وەڵامدانەوەی حاڵەتی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا جۆراوجۆرە و جیهان توشی فشارێکی لە ڕادەبەدەر بووەتەوە بەهۆی کەمی پێداویستی، کەمی ڤاکسینی کۆلێرا، کەمی فەرمانبەرانی تەندروستی لە بواری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان .

ئەوەشخراوەتەڕوو، مەترسی توشبوون و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ئاستی جیهاندا ڕێژەیەکی بەرزی هەیە و لە ئێستاشدا حاڵەتەکانی توشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و فراوانی جوگرافیاکەی زیادیکردووە.

باسلەوەشکراوە، بەپێی بارودۆخی ئێستا، مەترسییەکانى کۆلێرا لە ئاستێکی بەرزدایە و تاکو ٢٠ ى ئەم مانگە کۆلێرا لە ٢٤ وڵاتدا تۆمارکراوە و وڵاتانى ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆرترین زیانى کۆلیرایان بەرکەوتووە.

لە ساڵی پێشوودا ٦٠ حاڵەتی توشبوون لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکرا، باشوری کوردستانیش بە تایبەتی پارێزگای سلێمانی چەندین حاڵەتی کۆلێرای تۆمار کرد بەهۆی ئاوی پیسەوە، نزیکەی ١٠ هەزار حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە لە سلێمانی تۆمار کراو کە بەشێک لەو نەخۆشانە کۆلێرا بوون و سێ منداڵیش بەهۆی سکچوون و ڕشانەوەوە گیانیان لەدەستدا کە گومانەکان بۆ ئەوە چوون کۆلێرا بوبێت، نەخۆشییەکە هەر لە سلێمانیدا نەوەستا و گەیشتە ناو هەولێر و دهۆکیش.

بەپێى ئامارەکان بە نزیکەیی ساڵانە بە شێوەیەکی بەردەوام ٣ بۆ ٤ ملیۆن کەس توشی نەخۆشى کۆلێرا دەبن وزیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسیش بەم نەخۆشییە گیان لە دەست دەدەن.

جێگەى ئاماژەیە، کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە، زیاتر لە ڕێگای ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە و مرۆڤ توش دەکات و لە کاتى توشبوونى هاوڵاتیان بە کۆلێرا ئەوا توشی سکچوون و ڕشانەوە وشکبوونەوەى پێستى دەکات، ئەگەر چارەسەر نەکرێت لە کاتی خۆیدا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەوا کەسى توشبوو گیان لەدەستدەدات .

س. ک

Comments are closed.