“ژن ژیان ئازادی” ژنانی نەتەوە جیاوازەکانی کۆکردەوە

سلێمانی

ڕێپاک لەگەڵ شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان، کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکهاتبوون، دەربارەی پرسی ژن و سەرچاوەی “ژن ژیان ئازادی”، سیمینارێکیان ئەنجامدا و جەختیان لەوە کردەوە، پرسی ژنان لە جیهاندا یەکە و هەموو ژنێک کێشەی ئازادیی هەیە و دەبێت یەکگرتووبن.

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد- ڕێپاک، ئەمڕۆ لە نوسینگەی خۆیان لە شاری سلێمانی لەگەڵ شاندێکی نیودەوڵەتی ژنان، کە پێکهتابوون لە کۆمەڵێک چالاکوانی بواری ژنان بە ناوەکانی، کیا لە وڵاتی پۆلیڤیاوە، کۆخۆف لە وڵاتی ئەریتیریا، کارۆ لە وڵاتی کۆریای باشوور و ڕەها لە وڵاتی ئێرانەوە، لەسەر پرسی ژن سیمینارێکیان کرد و لە کۆتاییدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا شیلان شاکر، ئەندامی ڕێپاک قسەیکرد و وتی: بەخێرهاتنی ئەو شاندە نێودەوڵەتییە دەکەین، کە ماوەی چەند ڕۆژە لە کوردستانن، بەتایبەتی لەم کاتەدا، کە بینیمان دروشمی ‘ژن ژیان ئازادی’ سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە.

شیلان شاکر وتیشی: لە ئەنجامی گفتوگۆکانمان بۆمان دەرکەوت، کە پرسی ژن لە جیهاندا یەک پرسە، بەڵام دەوڵەتان و دەسەڵاتداران و ڵاتان پارچە دەکەن و بۆ داگیرکاری خۆیان، دەست بۆ ژنان دەبەن و لە ژن دەدەن، توندووتیژی و بێ مافی لەسەر ژن دەسەپێنن، ئێمە لێرەدا بە قووڵی لەوە تێگەشتین ژن لە هەرکوێیەکی دنیا بێت یەک پرسی هەیە ئەویش پرسی ئازادییە، لە بەرامبەریشدا لەژێر دروشمی “ژن ژیان ئازادی”دا تێکۆشانی ئازادی ژنان لەهەموو دنیادا هەیە.

دواتر ڕەها زەمانی لەسەرناوی شاندەکە قسەیکرد و وتی: هاتووینەتە کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی ژنان و لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبووینەوە سەردانمان کردن، ئێمە بەدوای سەرچاوەکەی ژن ژیان ئازادی کەوتین، هاتووین بەدوای خاڵە هاوبەشەکانماندا دەگەڕێین بۆ ئەوەی یەکبگرینەوە، هەروەها لەسەر پرسی داگیرکەری گفتوگۆمان کرد، تێگەشتین داگیرکاریی لەسەر زۆربەی وڵاتان پیادە دەکرێت و کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانە.

ئ.م

Comments are closed.